3ی ڕێبهندان بهرامبهره لهگهڵ ساڵۆگهڕی کۆچی دوایی هونهرمهندی دهنگخۆشی کوردی مههابادی محهممهد ماملێ، له درێژهدا کورتهیهک له ژیانی پڕ لهههوراز و نشێوی کهڵههونهرمهندی کوردی دهخوێننهوه:
محەمەدی ماملێ، کوڕی میرزا سەعیدی ماملێ (مام عەلی) لە ساڵی ١٩٢٥ لە بنەماڵەیەکی ھونەرمەند و نیشتمانپەروەر، لە گەڕەکی ھەرمەنییانی مەھاباد لەدایکبوو. میرزا سەعید ھەرچەند نەخوێندەوار بووە، بەڵام بە ھۆی ھونەری دەنگخۆشی و مەقامزانی و شێعرخوێنی (بەتایبەت شێعرەکانی وەفایی) لە کۆڕەکانی عارفانەی خانەقای شەمزینان، ڕێز و حورمەتێکی زۆری لێ گیراوە و لە گەڕەک و دەر و بازاڕ بە میرزا ناوی براوە.
ناوی ماملێ بە هۆی خزمەت و هەڵوێست و هاودەردییەکی کە بنەماڵەی ماملێ لە مێژووی هاوچەرخی نەتەوەی کورددا هەیانبووە، ناوێکی ناسراوە. بە هۆی هەندێک تایبەتمەندی حاشاهەڵنەگر و لەبەرچاوگرتنی زەمەنی تایبەت و چەند فاکتەرێکی بەرچاو، مامۆستا محمد ماملێ لە ناو نەتەوەی کورددا ناسراوترین ئەندامی ئەو بنەماڵەیە. لە زۆر گۆڤار و ڕۆژنامە و کۆڕ و پەرتووکاندا نووسەران و چالاکڤانانی رامیاری و کولتووری هەوڵیان داوە تا ئەو بنەماڵەیە بە گشتی و مامۆستا محمد ماملێ بە تایبەتی بناسێنن. یەکەم کەس کە پەرتووکی لە سەر ئەو هونەرمەندە نەتەوەییە نووسی، ڕێزدار و مامۆستای هونەردۆست ”محمد حسن احمد” بوو. ڕێزدار سمایلی ماملێش لە دواییدا پەرتووکی خۆی لە سەر بنەماڵەی هونەرمەندی ماملێ و زۆر تایبەتمەندی مامۆستا محمد ماملێ لە ژێرناوی توێشەبەرەی هونەری ماملێ بڵاو کردەوە. لە دواییدا هێژا هیوا قارەمانی پەرتووکێکی لە سەر ئەم مامۆستا کوردپەروەرە و بەرهەمەکانی بە چاپ گەیاند. لە پەرتووکی مێژووی مەهاباد نووسینی مامۆستای هێژا سید محمد صمدی لە چەندین بەشی جۆراوجۆردا زانیاری لە مەڕ مامۆستا ماملێ دەست دەکەوێ. ڕێزدار ”فریدون حکیم زادە”ش لە پەرتووکی خۆیدا ئاماژەیەکی بە مامۆستا محمد ماملێ کردووە. نووسین و بیرەوەری زۆر بە نرخ لە سەر ئەو بنەماڵەیە و مامۆستا محمد ماملێ تا ئێستا بڵاو کراوەتەوە. بنەماڵەیەک کە دیاری پیرۆزی وەک مامۆستا محمد ماملێی پێشکەش بە نەتەوەی کورد کردووە، ناوبانگ و جوانییەکانیان تەنیا بە هونەر و دەنگخۆشی نەبەستراوەتەوە، هەر چەند کە مرۆڤ پێویستە قەڵەمی شازادەیەکی وەک شەڕەفخانی بەدلیسی هەبێ تا بتوانێ لە سەر بەرزایی و گەورەیی ماملێ بنووسێ.
میرزا سهعید کوری میرزا علی (ناسراو بە مام علی) یەک لە ئەندامانی کۆنی بنەماڵەی ماملێ لە ناوچەی موکریانی کوردستان بوو. لەو سەردەمدا کە کوردستان لە هەر چەشنە فێرگەیەکی زانستی، خزمەتگوزارییەکی حکومەتی ناوەندی و زۆر پێداویستی سەردەم بێبەر بوو، میرزا سهعید ژیانی بنەماڵەی لە ڕێگەی دوکانداری و کرین و فرۆش لە ناوچەدا بە سەربەرزی دابین دەکرد. میرزا سەعید بە پێی ئەو جۆرەی کە لە کۆنەوە لە ناو کورددا باو بووە، بە سهعیدی مام علی (سهعیدی کوری مام عهلی) دەناسرا. کاتێک کە حکومەتی ناوەندی کاری تۆمارکردنی ناو و ناسناوی لە کوردستان دەست پێکرد، بە هۆی نائاگایی و ناشارەزایی بەرپرسی حکومەتی هەڵەیەک رووی دا و مام عهلی بە ماملێ تێگەییشتبوو. ناوی ماملێ لەو ڕۆژەوە وەک ناسناوی ئەو بنەماڵەیە ماوەتەوە و موکریانی گوتەنی لە زاران زۆر خۆشە.
میرزا سهعید ماملێ کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێشی هەبووە. لە کوردستانێکدا کە بە هەموو جۆرێک ئاسایەش و هێمنی لە جەماوەری کورد خەوشەدار کرابوو، لە هەر دەرفەتێکی گونجاودا کەڵکی وەردەگرت تا شێعری کوردی بخوێنێتەوە و بە تایبەتی حەزی زۆر لە شێعرەکانی وەفایی بوو. لە ماڵێدا گۆرانی بۆ منداڵەکانی دەکوت و جیا لە دەربڕینی دەنگی خۆش و ڕەسەنی، وانەکانی گۆرانی گوتنەوەی بە منداڵەکانی دەدا. لە سەردانێکدا کە سهید عهلی ئهسغهری کوردستانی بۆ شاری مەهابادی کردبوو، جیا لەوە کە سید علی اصغری هونەرمەند، خۆشی لە دەنگی میرزا سعیدی هاتبوو، کەسایەتی ناوبراویش زۆر سەرنجی مامۆستا کوردستانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو. دەگێڕنەوە کە مامۆستا سهید عهلی ئهسغهری کوردستانی میرزا سهعید ماملێی لە باوەش گرتبوو و فەرمووبووی:
“مام سعید خودا شاهیدە من بە دڵ عاشق بە دەنگی تۆم”
یەکەم کوڕی ئەو میرزا حوسێن ماملێ لە ساڵی ١٩٠٩ی زایینی هاتە سەر دونیا کە وەک باوکی بۆ ژیری و دەنگخۆشی ناوی بەدەر کردبوو. میرزا سهعید ماملێ جیا لەم نازدارەی چوار کوڕی دیکەی بە ناوەکانی محهممهد، موتهلیب، حهسهنن و جهعفهر و کچێکی بە ناوی تووبا هەبوو. شێوەی هەڵس و کەوتی میرزا سهعید لە ناو بنەماڵە و بایەخ بە کەسایەتی ژن و ڕێزلێنان لە گەورە و بچووکی کاریگەرییەکی زەقی لە سەر منداڵەکانی دانابوو، بە شێوەیەک کە تا میرزا حوسێن لە ژیاندا بوو، مامۆستا محهممهد ماملێ وە نێو گۆڕەپانی هونەر نەکەوت، هەر وەکی کە مامۆستا جهعفهر ماملێ تا کاتێک کە مامۆستا محهممهد ماملێ لە ژیاندا بوو، ئەو نەریتەی پاراست و بە شێوەی فەرمی گۆرانی نەگوت. مامۆستا محهممهد ماملێ خۆی لە ناو کۆڕی بنەماڵەییدا دانی بەوە دانابوو کە ئاستی هونەرمەندی و دەنگخۆشی میرزا حوسێن ماملێ یەکجار بەرز بوو و فەرمووبووی کە ئەو هەرکات وەک مامۆستایەک سەرنجی میرزا حوسێنی دابوو و وانەی لێ هەڵگرتبۆوە. مەخابن بە هۆی نەبوونی بوار لەو سەردەمدا، ئێستا هیچ بەرهەمێکی ئەو هونەرمەندە لە بەر دەستدا نییە.
مامۆستا محهممهد ماملێ کە ناودارترین هونەرمەندی دەنگخۆشی ئەو بنەماڵەیە بووە، لە ساڵی ١٩٢٥ی زایینی لە شاری مەهاباد لە گەڕەکی خرێ هاتە سەر دونیا. بە پێی ئەو زانیارییانەی کە مامۆستا سید محمد صمدی کۆی کردوونەتەوە، مامۆستا محمد ماملێ یەکەم گۆرانی خۆی لە ساڵی ١٩٣٨ی زایینی بە فەرمی خوێندبووو یەکەم گۆرانییەکی کە گوتبووی بە ناوی “ڕۆیی بە جێی هێشتم” ناسراوە.
محهممهد ماملێ تەنیا مامۆستایەکی هونەرمەند و خۆشخوێنێکی شارەزا نەبوو. ئەو هەر لە سەردەمی گەنجێتییەوە دەگەڵ کاروانی نیشتمانپەروەرانی نەتەوەکەی کەوت. دوایین ژنێکی کە لە ڕووی ئەڤین و خۆشەویستییەکی لە ڕادە بەدەرەوە خواستی، کچی یەک لە قارەمانانی کورد بە ناوی محهممهد مهولوودی بوو کە زۆر کەس لە سەری دواون.
زۆر سیاسەتوان و کەسی ناسراو و خۆشەویستی نەتەوەی کورد لە سەر مامۆستا محهممهد ماملێ بۆچوونیان دەربڕیوە. کۆی هەموو دیمانەکان و نووسینەکان ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە کە ماملێ کەسێکی نەتەوەیی بوو و هیچکات خۆی لە نەتەوەکەی و ئازارەکانیان دوور نەکردەوە. ڕەوانشاد مامۆستا کریم حسامی هەموو بۆچوونەکانی لە دەقێکدا کورت کردبۆوە و فەرمووبووی:
” کەسایەتی و رەفتار و ئەخلاق و نیشتمانپەروەری و هونەرمەندی و وشە شیرین و جوانەکانی ماملێ لە یاد و زەینمدا زیندوون و لە بیر ناکرێن”.
ماملێ لە هونەریشیدا کوردایەتی خۆی دەنواند و جارجار کە بەرهەمێکی لە نەتەوەیەکی دراوسێ وەردەگرت، ڕۆحییەکی کوردانەی پێ دەبەخشی. بۆ وێنە گۆرانییەک کە پێشتر بە فارسی گوترابوو لە دواییدا لە لایەن مامۆستا محهممهد ماملێ لە سەر شێعری مامۆستا هێمنی موکریانی گوترابۆوە. مامۆستای هونەرمەند کاک عزیز شاڕوخ لەم پێوەندییەوە فەرمووبووی:
” کاک محهممهد بە لەوتێکی وەها مامۆستایانە و بە هێز بە تواناییەوە گوتوویەتی کە حاڵەتی گۆرانی کوردی و مێلۆدی کوردی داوەتێ”.
هونەرمەندی ڕەسەنی ئەردەڵانی، عباس کەمەندی کە خەڵاتی ماملێی ساڵی ٢٠١١ی زایینی پێشکەش کرا، لە بروسکەیەکدا کە بۆ مەڵبەندی هونەری ماملێی ناردبوو، نووسیبووی:
“له یادم ناچێ کاتێکی که رهخنهم له بهرێزیان گرت که بۆ مێلۆدی تورکیتان به کوردی وهرگهراندۆتهوه و دهیڵێنهوه؟ بهرێزیان زهردهخهنهیهکییان کرد و فهرموویان: گومانی تێدا نییه که به هۆی پێكهوهژیانی میژوویی کورد و تورک و ئهرمهنی لهو ناوچانهدا که تێیدا دهژین زۆر خاڵی هاوبهشیان تێدا بهدی دهکرێت، بهڵام بۆچی ئێوه وا بیر ناکهنهوه که ئهم مێلۆدییانه پێشتر کوردی بوون و کراون به تورکی یا ئهرمهنی. که پێیدا هاتمهوه زانیم که حهق به دهستی بهرێزیانه و بێدهنگیم لێ کرد. محهمهد ماملێ سهرهڕای هونهری مۆسیقا، له هونهری خوشویستن و میوانداریش دا، کوردێک و موکرییهکی ڕهسهن بوو، من له خزمهتیاندا زۆر ههستم به خۆشحاڵی کرد و تامم لێ بینی”.
ماملێی نیشتمانپەروەر چەندین جاران لە لایەن حکومەتی دژە مرۆڤی پاشایەتی “محمد رضا سوادکوهی” بە دیل گیرابوو کە زۆرینەی سەرچاوەکان تەنیا باسی زیندانی ورمێ دەکەن، بەڵام ئەو لە شاری مەهابادیش زیندانی دیبوو. جارێکیان لە بەرواری ٢٩ی ٢ی ١٩٤٧ی زایینی لە سەر ئەوە بەدیل گیرابوو کە شێعری بەناوبانگی لایە لایەی مامۆستا هەژاری موکریانی بە گۆرانی گوتبوو.
یەک لەو فاکتەرە گرنگانەی کە لە بنەماڵەی ماملێدا پێویستە سەرنج و بایەخی پێویستی پێ بدرێ، شوێن و کاریگەری ژن لەو بنەماڵە دایە. دایکە حەبیب کە هەرکات ماملێکان زۆر بە جوانی قسەی لە سەر دەکەن، یەک لە ژنەکانی میرزا سهعید ماملێ بوو کە هیچ منداڵێکیان بە یەکەوە نەبوو. دایکە حەبیب ئەڤینێکی وا ڕاستەقینەی بە منداڵەکانی میرزا سهعید بەخشیبوو کە هەموویان وەک دایکی خۆیان سەیریان دەکرد و حوڕمەتێکی تایبەتییان بۆی هەبوو. ئەو کەسێک بوو کە پاش کۆچی دوایی میرزا سهعیدی دەنگخۆش، یاریدەدەری منداڵەکان بوو تا گۆرانییەکانی باوکیان بە دروستی بڵێنەوە. ڕەخنەگر و ساغکەرەوەیەکی دڵسۆز بوو و توانی منداڵەکان ڕا بهێنێ تا هونەر و شێوازی ماملێ تەمەن درێژ بمێنێتەوە. ژن بە گشتی لە ناو بنەماڵەی ماملێدا جێگە و پێگەی تایبەت و بەرچاوی هەیە. ئازادی و بوێری لە فاکتەرە سەرەکییەکانی کچان و ژنانی ئەو بنەماڵەیە بووە. ئەوە ژنانی ناو بنەماڵەی ماملێ بوون کە پشتیوانی بێچاوەڕوانی پەرە سەندنی هونەری ماملێکان بوون.
هونهرمهندی دهنگخۆشی کورد، ڕۆژی 3ی ڕێبهندانی 1377ی ههتاوی بهرامبهر به 3ی ڕێبهندانی 2698ی کوردی کۆچی دوایی کرد.