مەسعود بەهرام نەژاد ڕۆژی سێ شەممە لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی ڕایگەیاند: لە ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا و ئەوانەی کەوتوونەتە ژێر چاودێری پزیشکی، لە پارێزگای کرماشان ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ناوبراو وتی: بە هۆی ئەوەی کە خەڵک دۆخەکە بە ئاسایی دەبینن، ژمارەی توشبووان و قوربانیانی کۆرۆنا لە کرماشان زیاتر دەبێت.
وتەبێژی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند کە لە ئێستادا 159 توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئەم پارێزگایە لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.
ناوبراو وتی کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو 13 نەخۆش لە نەخۆشخانەکان وەرگیراون و 32 نەخۆشی دیکەش چارەسەریان بۆ کراوە و ناویان وەک حاڵەتی نوێی توشبوون تۆمار کراوە.
بەهرام نەژاد وتی کە لە ماوەی یەک ڕۆژی ڕابردوو 2 توشبووی کۆرۆنا لە قەزای کرماشان و سەرپێڵی زەهاو گیانیان لە دەست داوە و بەمەش کۆی گشتی قوربانیانی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان گەیشتووەتە هەزار و 448 کەس.
وتیشی کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو 58 توشبووی کۆرۆنا چارەسەریان وەرگرتووە و چاکبوونەتەوە.
مەسعود بەهرام نەژاد داوای لە خەڵک و بەرپرسان کرد کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگری لە سەرهەڵدانی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا، ڕەچاوی ڕێکارە تەندرووستییەکان بکەن.
وتیشی کە ئەگەر خەڵک ڕێکارە تەندرووستییەکان لە بەرچاو بگرن و خۆیان لە هەر قەرەباڵغی و گردبوونەوەیەک بە دوور بگرن، دەتوانین لە هەڵکشانی دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ڕێگری بکەین.
بەهرام نەژاد وتی: هۆی بەرزبوونەوەی ئاماری کۆرۆنا لە چەند هەفتەی ڕابردوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک بە جیدی ڕەچاوی ڕێکارە تەندرووستییەکانیان نەکردووە و وایان زانیوە کە نەخۆشییەکە نەماوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەگەر ئەم دۆخە بە ئاسایی بزانین دەتوانێت قەیرانێکی بە دواوە بێت./.