ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن بە ئاماژە بەوەی کە بڕیارەکەی ئەمریکا لە دژی ئەنسارووڵا هیچ کاریگەرییەکی بۆ سەرکردەکانی ئەم بزوتنەوەیە نابێت، وتی کە واشنتن ئەمڕۆ لە یەک بەرەدا لە گەڵ قاعیدە و داعش شەڕی ئێمە دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد عەلی حوسی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن وتی کە ئەمریکا دوژمن و بکوژی گەلی یەمەنە و دەبێت داوای لێبوردن لەم گەلە بکات و بۆ ئەو هەموو زیانەش کە بە وڵاتی ئێمەی گەیاندووە، قەرەبووی بکاتەوە.
ناوبراو هەروەها داوای لە سعوودیە کرد کە دەسەڵاتەکەی بکاتە دیمۆکراسی و لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا دەستێوەردانی نەبێت.
حوسی وتی: بەتیرۆریست ناساندنی ئەنسارووڵا لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئێمە بایەخێکی نییە و هیچ گرنگی بەم بڕیارانە نادەین، ئەم بڕیارانە گوشارێکە بۆ ئەوەی کە مەرجەکانی ئەوان قبووڵ بکەین.
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن بە ئاماژە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی چەند وڵاتێکی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، وتی کە وڵاتانی گوێڕایەڵی ئەمریکا لە ناوچەکە هیچ کات نوێنەرایەتی گەلانی عەرەبی و ئیسلامی ناکەن.