سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق چۆنیەتی دەستێوەردانەکانی ئەمریکای لە کاروباری ئەم وڵاتە ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەندێک کات ئەمریکییەکان ڕێگرییان لەوە دەکرد کە لێپرسینەوە لە وەزیرەکانی عێراق بکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەلیم جبوری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەستێوەردانەکانی ئەمریکای لە کاروباری ناوخۆیی ئەم وڵاتە و تەنانەت ڕێگری لە لێپرسینەوە لە وەزیرەکان پشتڕاست کردەوە.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: برێت مەکگۆرک نێردەی پێشووی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش تەنانەت ڕێگریی لە لێپرسینەوەی وەزیرەکانی کابینەی عێراق لە پەرلەرمان دەکرد و سەبارەت بە هەندێک لە وەزیرەکانیش جەختی لەوە دەکردەوە کە باشترە بمێننەوە.
جبوری وتی: مەکگۆرک لایەنگریی دەکرد و هەندێک کات ڕۆڵی باڵیۆزی ئەمریکای لە بەغدا دەگێڕا، ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ناوبراو نێردەی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بوو نە نوێنەری سیاسی.