بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خالید تایی ئەندامی ئەنجومەنی گشتی لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بە ئاماژە بە بڕیارەکەی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی بێگانە و بە تایبەت ئەمریکییەکان وتی: دەبێت ڕێز لە بڕیاری پەرلەمان و ئیرادەی گەلی عێراق بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان بگیرێت.
ناوبراو بە هۆی دواکەوتنی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمان ڕەخنەی لە حکومەتی بەغدا گرت و وتی: ئەوەی کە حکومەتەکەی مستەفا کازمی جیدی نییە، بە یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دادەنرێت.
تایی وتی: سزادانی فالح فەیاز سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی لە کۆتا ڕۆژانی حکومەتەکەی دوناڵد ترەمپ وەک کاردانەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر بەڕێوەچوونی شکۆمەندانەی ڕێوڕەسمەکانی یەکەم ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس بووە.
ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق وتی کە ترەمپ بەو تاوانە تیرۆریستییە هەوڵی ئەوەی دەدا بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بێت کە لەوەشدا شکستی هێنا.