بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە هاوردەی ئەم وڵاتە کەوتووەتە پێشی هەناردەوە و کۆی کورتهێنانی بازرگانی لە مانگی تشرینی دووەم بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و گەیشتووەتە 68 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هەناردەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەم لەسەدا 1.2 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 184 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هاوردە لە سەدا 2.9 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 252 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە کورتهێنانی بازرگانی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەم بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەر لە سەدا 8 زیادی کردووە.
لە ماوەی 11 مانگی یەکەمی ساڵی 2020، کورتهێنانی بازرگانی ئەمریکا لە سەدا 13.9 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی 2019 زیادی کردووە.
شارەزایانی ئابوری دەڵێن کە هاوردەکردنی کاڵاکان بۆ ئەمریکا بۆ دووەم مانگی بەردەوام زیادی کردووە. ئەم ئامارانەش لە کاتێکدایە کە کەرتی ئابوری ئەمریکا کەوتووەتە بەردەم کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.