بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمید حوسێنی جەختیکردەوە کە ڕۆڵی شەهید قاسم سولێمانی لە زیاترکردنی خاڵە سنورییەکان و هەناردەی وزە لە ئێرانەوە بۆ عێراق، گەورە و کاریگەر بووە و وتی: دۆسیەی وڵاتانی ناوچەکە لە ئەستۆی شەهید سولێمانی بووە و لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت عێراق و ئەفغانستان و سوریا هەر ئەنجامێک دەبینین، بەرهەمی تێکۆشان و پلانی ئەو شەهیدە ئازیزەیە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێران و عێراق لە ئێستادا 10 خاڵی سنوری هاوبەشیان هەیە کە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ بە کەم وێنە دادەنرێت، لە بەر ئەوەی کە تورکیا لە پاش 400 ساڵ ئامادەبوونی لە عێراق تەنیا خاڵێکی سنوری هاوبەشی لە گەڵ عێراق هەیە و سعوودیەش پاش ساڵانێک تەنیا خاڵی سنوری عەرعەری لە گەڵ عێراق چالاک کردووەتەوە.
حوسێنی وتی: لە ئێستادا کوێت و ئۆردنیش بە خاڵێکی سنورییەوە لە گەڵ عێراق لە پەیوەندیدان بەڵام ئێران زیاترین خاڵی سنوری هاوبەشی لە گەڵ ئەم وڵاتە هەیە.
ئەمینداری گشتی پێشووی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق وتی: شەهید سولێمانی بە تێڕوانینی ئەمنی و سیاسی خۆی بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان، ناتوانین تەنیا پشت بە سیاسەت ببەستین بەڵکوو دەبێت پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان جێگیر بکەین.
وتیشی: ئەمریکییەکان زۆر هەوڵی ئەوەیاندا کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق تێک بدەن بەڵام هەناردەی گاز و کارەبای ئێران بۆ عێراق ڕانەگیرا و عێراقییەکانش ئامادە نەبوون کە بۆ ڕاگرتنی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران لە گەڵ ئەمریکا دانوستان بکەن.
حەمید حوسێنی وتی: یەکێک لە دەسکەوتە هەرە گرنگەکانی شەهید سولێمانی، پێکهێنانی ناوەندێک بە ناوی ناوەندی گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران و عێراق بوو کە لەو ناوەندەدا سەرجەم پرسە ئابورییەکانی نێوان هەر دوو وڵات تاوتوێ دەکرێت.
کۆتایی/.