جام کوردی:
هاوکات له گه‌ڵ مانگی مه‌ولوود و جێژنی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ی ئیسلام حه‌زره‌تی محه‌ممد مسته‌فا (د.خ) و هه‌روه‌ها ئیمام سادق (ع)، ڕێ و ڕه‌سمێکی به‌شکۆ له شاری ڕوانسه‌ر به‌ڕێوه‌چوو.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، له‌و ڕێ و ڕه‌سمه‌دا که له مزگه‌وتی گشتی ئه‌و شاره به‌ڕێوه‌چوو، به سه‌دان که‌س له دانیشتووانی ڕوانسه‌ر و شاره‌کانی دیکه‌ی هه‌ورامانات و به‌رپرسانی ئیداری و سه‌ربازی به‌شدارییان کرد. ئایه‌تووڵا عوله‌ما نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه و وتارخوێنی هه‌ینی کرماشان، حجه‌الاسلام گوده‌رزی نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه له سوپای نه‌بی ئه‌کڕه‌م، حوسێنی ئه‌راکی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌وقاف و کاروباری ئائینی، عه‌سکه‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای شه‌هیدان، خدروه‌یسی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌زگای خێرخوازی ئیمام خومه‌ینی(ره) له پارێزگای کرماشان، وهیسمورادی قایمقامی قه‌زای ڕوانسه‌ر، لهۆنی قایمقامی قه‌زای جوانڕۆ و به‌رپرسانی دیکه‌ی ئیداری قه‌زای ڕوانسه‌ر و هه‌روه‌ها دوکتۆر حه‌ریرچی جێگری وه‌زیری ته‌ندرووستی ئێران و شاندی یاوه‌ری به‌شدارییان له ڕێ و ڕه‌سمی ڕێزگرتنی مانگی مه‌ولوود کرد.
ده‌سپێکی ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه:
سه‌ره‌تا و ده‌سپێکی ڕێ و ڕه‌سمه‌که‌ی ڕوانسه‌ر، خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندین ئایه‌تی قورئانی پیرۆز له لایه‌ن مامۆستا محه‌ممه‌د مه‌حمودی بوو.
وته‌ی به‌خێرهاتن:
وته‌ی به‌خێرهاتنی سه‌رجه‌م میوانان له لایه‌ن مامۆستا غه‌فوری وتارخوێنی هه‌ینی شاری ڕوانسه‌ر و به‌رپرسی یه‌که‌م له به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه، پێشکه‌ش کرا.
مامۆستا غه‌فوری:
یه‌کڕیزی موسڵمانان ڕێگری له مسۆگه‌ربوونی ئامانجی دوژمنان کردووه
وتارخوینی هه‌ینی شاری ڕوانسه‌ر له وته‌یه‌کدا، وێڕای به‌خێرهاتنی سه‌رجه‌م میوانان و به‌شداربووانی ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه به ئاماژه به بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌ری ئازیزی ئیسلام (د.خ) له سه‌ره‌تای ئیسلام سه‌باره‌ت به پێویستی یه‌کڕیزی و یه‌کگرتوویی موسڵمانان، وتی: خۆشبه‌ختانه ئه‌مڕۆ وڵاتی ئێران له نێو جیهانی ئیسلامدا ته‌نیا وڵاتێکه که لایه‌نگرانی ئائینزاکانی سوننه و شێعه له که‌ش و هه‌وایه‌کی هێمن و ته‌بادا پێکه‌وه ده‌ژین و سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌کانی دوژمنان، ڕۆژ له دوای ڕۆژ ئه‌م برایه‌تی و پێکهوهبوونهشمان پته‌وتر و به‌هێزتر ده‌بێت.
مامۆستا غه‌فوری ڕایگه‌یاند: ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران له پێناو به‌دیهاتنی یه‌کڕیزی و ته‌بایی نێوان موسڵمانان ئه‌رکی زۆریان له ئه‌ستۆ بووه و بێ گومان ئه‌مه‌ی که له ئێران‌دا ده‌بینرێت و په‌یوه‌ندی نێوان سوننه و شێعه له‌م ئاسته‌دایه، له ده‌ره‌نجامی تیکۆشان و ڕێنمایی به‌ڕێزیان بووه.
ناوبراو له درێژه‌دا وتی: ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی، دووبه‌ره‌کی و ئاژاوه‌نانه‌وه‌ی به حه‌رام ناو بردووه و خۆشبه‌ختانه له هه‌ر شوێنێک پیلانێکی دوژمنان و ناحه‌زانی شۆڕشی ئیسلامی هه‌بووه، به یه‌کڕیزی و یه‌کگرتوویی موسڵمانانی ئێران له به‌دیهاتنی ئامانجه‌کانی ئه‌و پیلانانه ڕێگری کراوه.
وتارخوێنی هه‌ینی شاری ڕوانسه‌ر له به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانیدا، چه‌ند پارچه شیعرێکی له خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ری ئازیزدا به زمانی عه‌ره‌بی و کوردی پێشکه‌ش کرد و هیوای ئه‌وه‌ی خواست که به‌ڕێوه‌چوونی وه‌ها ڕێ و ڕه‌سمێک، ببێته هۆی به‌هێزتربوونی یه‌کگرتوویی نێوان موسڵمانان به پێی بنه‌ما هاوبه‌شه‌کان.
نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه له سوپای نه‌بی ئه‌کره‌م (ص):
له 9ی به‌فرانبار، گه‌لی ئێران پیلانی دوژمنانیان پووچه‌ڵ کرده‌وه
نوینه‌ری وه‌لی فه‌قیه له سوپای نه‌بی ئه‌کره‌می پارێزگای کرماشان وه‌ک میوانێکی تایبه‌تی ڕێ و ڕه‌سمی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له به‌رده‌م ئاماده‌بووان وتارێکی پێشکه‌ش کرد.
حجه‌الاسلام گوده‌رزی وێڕای پیرۆزبایی به بۆنه‌ی جێژنی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) و ئیمام سادق (ع)، ئاماژه‌ی به‌و هه‌موو ئه‌و نێعمهتانهی دا که خوای گه‌وره به مرۆڤه‌کانی به‌خشیوه و وتی: له ڕاستیدا ئیمه‌ی مرۆڤ له ده‌ریای نێعمه‌ته‌کانی خودای گه‌وره‌دا نوقمین و به هۆی فراوانبوونیان، زۆربه‌ی نێعمهتهکانمان له بیر کردووه و نازانین که خودای مه‌زن چی به ئێمه داوه.
ناوبراو وتی: پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ی ئیسلام یه‌ک له‌و نێعمهتانهیه که خودای مه‌زن به ئێمه‌ی به‌خشیوه تا به‌ره‌و ڕێگای ڕاسته‌قینه و ڕزگاری هه‌میشه‌یی ڕێنماییمان بکات و بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه قه‌رزداری خوداین و پێویسته که سوپاسی ئه‌وه‌ی لێ بکه‌ین که ئه‌وه سه‌رچاوه‌ی ڕه‌حمه‌ت و مێهرهبانییهی به ئێمه خه‌ڵات کردووه.
نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه له سوپای نه‌بی ئه‌کره‌می پارێزگای کرماشان له درێژه‌دا وتی: هه‌ندێک له پیلان و نه‌خشه‌ی دوژمنان له قورئاندا ئاماژه‌ی پێ دراوه و له کاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان له گه‌ڵ پیلانی دوژمنان، په‌نا بردن بۆ قورئان ئه‌رکێکی پێویست و گرنگه.
حجه‌الاسلام گوده‌رزی هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به چه‌شنه جۆربه‌جۆره‌کانی پیلان و فیتنه، قورئان ناسیی به هێزی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پیلانه‌کانی دوژمنان ناو برد و جه‌ختی کرده‌وه که دوژمنان به ئامانجی کاریگه‌ری له سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئیسلامی له هه‌وڵی به‌رده‌وامدان و پیلان داده‌ڕێژن.
ناوبراو هه‌روه‌ها به ئاماژه به 9ی به‌فرانباری ساڵی 1388ی کۆچی هه‌تاوی، وتی: له‌و ڕۆژه‌دا خه‌ڵکی وڵات به هێزی یه‌کگرتوویی خۆیان، پیلانی دوژمنانیان پووچه‌ڵ کرده‌وه، دوژمنان که ئه‌م هێزه گه‌وره‌یان بینی، شکستیان هێنا و له ئێستاشدا کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ک هێزێکی کاریگه‌ر له سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی و جوغرافی ناوچه‌که خۆنوێنی ده‌کات و ئه‌مه‌ش مایه‌ی شانازی هه‌ر تاکێکی ئێرانییه.
نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه له سوپای نه‌بی ئه‌کره‌می پارێزگای کرماشان له به‌شی کۆتایی وته‌کانیدا ئاماژه‌شی به هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی شۆرای ئیسلامی ئێران دا و وتی: پێویسته گه‌ل له‌وه‌دا ووشیار بێت که نه‌خشه و پیلانه‌کانی دوژمنان نه‌بنه ڕێگر له خوڵقاندنی سه‌روه‌رییه‌کی دیکه و کاریگه‌ری له سه‌ر بڕیاره‌کانیان سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی کاندیدی شیاو و لێهاتوو دانه‌نێت.
جێگری وه‌زیری ته‌ندرووستی ئێران:
ده‌نگی ئه‌و سرووده کوردییه‌م بیست، چاوم پڕبوو له گریان
دوکتۆر حه‌ریرچی جێگری وه‌زیری ته‌ندرووستی ئێران و شاندی یاوه‌ری به‌شداری ڕی و ڕه‌سمی مانگی مه‌ولوود و جێژنی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامیان له ڕوانسه‌ر کرد.
ناوبراو له وته‌یه‌کدا به ئاماژه به خه‌بات و گیانبازی شه‌هید مسته‌فا چه‌مران و هاوسه‌نگه‌رانی له ناوچه‌ی هه‌ورامانات، جه‌ختی کرده‌وه که ئه‌م ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌ی وڵاتی ئێران، قه‌رزداری خوێنی پاکی ئه‌و شه‌هیدانه‌یه.
جێگری وه‌زیری ته‌ندرووستی کابینه‌که‌ی حه‌سه‌ن ڕۆحانی، ئێرانی به وڵاتێکی ئه‌من و سه‌قامگیری ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناو برد و وتی: هۆکاری ئه‌م سه‌قامگیرییه، بێ گومان بۆ یه‌کگرتوویی و یه‌کڕیزی نێوان پێکهاته‌کان و شێعه و سوننه ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووه که له ئاکامدا، وڵاتانی ڕۆژئاوا دان به‌وه‌دا بنێن که ئێران خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی باڵایه و وه‌ک ده‌شبینین له چاره‌سه‌ربوونی کێشه گرنگ و هه‌ستیاره‌کاندا ڕاوێژ به تاران ده‌کرێت.
سه‌باره‌ت به ته‌وه‌ری سه‌ردانه‌که‌ی بۆ پارێزگای کرماشان و ناوچه‌ی هه‌ورامانات، دوکتۆر حه‌ریرچی ڕایگه‌یاند: سیاسه‌ت و بنه‌مای کارپێکردنمان له وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی، گرنگیدان به ناوچه که‌متر گه‌شه‌سه‌ندووه‌کانه و له ئاستی چاوه‌ڕوانی خه‌ڵکیشدا هه‌نگاوی زۆر هه‌ڵگیراوه و به دڵنیاییه‌وه پرۆژه‌ی خزمه‌ت کردنمان به خه‌ڵکی وڵات به گشتی و هه‌ورامانات به تایبه‌ت درێژه‌ی ده‌بێت.
ئایه‌تووڵا عوله‌ما:
دوژمن به‌م ڕێ و ڕه‌سمانه توڕه ده‌بێت
نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه و وتارخوێنی هه‌ینی پارێزگای کرماشان وه‌ک میوانی تایبه‌تی ڕێ و ڕه‌سمی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له شاری ڕوانسه‌ر، له وته‌یه‌کدا وێڕای پیرۆزبایی ئه‌م یاده گه‌وره‌یه وتی: خۆشبه‌ختانه ده‌بینین که ساڵ به ساڵ، ڕێ و ڕه‌سمه‌کان په‌ره‌یان پێ ده‌درێت و ئاساییه که دوژمنان به‌م ڕێ و ڕهسمانهش توڕه ده‌بن، له به‌ر ئه‌وه‌ی که یه‌کگرتوویی نێوانمان، پیلان و نه‌خشه‌کانی ئه‌وان پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه.
ئایه‌تووڵا عوله‌ما ده‌ستخۆشیی له به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه به تایبه‌ت مامۆستا غه‌فوری و فه‌رمانده‌ی سوپای قه‌زای ڕوانسه‌ر کرد و وتی: شانازی به‌وه ده‌که‌ین که شوێنکه‌وتووی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامین و وه‌ک ئه‌رکێک له سه‌رمانه له سه‌رجه‌م بواره‌کانی ژیانماندا، ئامۆژه‌کانی قورئان و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر له به‌رچاو بگرین.
ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه که پێویسته ئه‌م سوننه‌ته‌ی پێغه‌مبه‌ر به جیهانیان بناسێنین. وتیشی: دوژمنان هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن ڕواڵه‌تێکی دیکه له ئیسلام پیشان بده‌ن که توندڕۆیی و توندووتیژی تێیدا خاڵێکی گه‌وره‌یه و پێویسته به هه‌موو هێزێکه‌وه به‌ره‌نگاری ئه‌م هێرشه نامرۆڤانه ببینه‌وه که ده‌کرێته سه‌ر ئیسلام.
نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه و وتارخوێنی هه‌ینی کرماشان هه‌روه‌ها ئه‌رکی زانایانی ئائینی سوننه و شێعه و بیرمه‌ندان و ڕۆشنبیرانی له پێناو ئاگایی به‌خشین به کۆمه‌ڵگا به گرنگ ناو برد و وتی: ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمانه ده‌بنه هۆی زیاتربوونی ئاگایی خه‌ڵک و به‌ستێنی یه‌کگرتوویی و یه‌کڕیزی نێوانمان به‌هێزتر ده‌کات.
مامۆستا محه‌ممه‌دی تاوه‌گۆزی:
گه‌نجان به‌ره‌و ناسینی ئیسلامی ڕاسته‌قینه ڕێنمایی بکرێن
به‌ڕیوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ئائینی مه‌وله‌وی کورد له شاری ڕوانسه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه و به نوێنه‌رایه‌تی له مامۆستایانی ئائینی سوننه‌ی به‌شداربوو، وتارێکی پێشکه‌ش کرد.
مامۆستا محه‌ممه‌د محه‌ممه‌دی تاوه‌گۆزی وێڕای پیرۆزبایی ئه‌م یاده گه‌وره‌یه و ده‌ستخۆشی له به‌ڕێوه‌به‌رانی ڕی و ڕه‌سمه‌که، ڕووی قسه‌کانی کرده گه‌نجان و وتی: به‌داخه‌وه له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئاراسته‌ی هه‌موو هێرشه‌کان بۆ سه‌ر ئیسلامه و ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که ئائینی پیرۆزی ئیسلام و که‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ره گه‌وره‌که‌ی، ڕه‌حمه‌ت و دڵۆڤانی بۆ جیهانیان بووه و له هیچ ئائینێکدا به‌م ڕاده‌یه ڕێز له پێگه‌ی مرۆڤ و ڕۆڵ و کاریگه‌ربوونی له کۆمه‌ڵگادا نه‌نراوه.
ناوبراو سه‌باره‌ت به له‌به‌رچاوگرتنی ماف و ئیمتیازاتی سه‌رجه‌م پیکهاته‌کان و لایه‌نگرانی ئائینه‌کانی دیکه له ئیسلام به تایبه‌ت له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌دا، شیکارییه‌کی ته‌واوی پێشکه‌ش کرد و ڕایگه‌یاند: کاتێک که حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د مسته‌فا (د.خ) له شه‌ڕه‌کانی دژ به کافران ئامۆژگاری ئه‌وه‌یان ده‌کرد که ژنان و منداڵان نه‌کوژرێن، ته‌رمی کوژراوه‌کانی کافرانیان ده‌نێژا و ته‌نانه‌ت ئه‌مریان به له‌به‌رچاو گرتنی مافی ئاژه‌ڵان ده‌کرد، ئایا ده‌بێت ئه‌م ڕواڵه‌ته ناشیرینه‌ی که گرووپه تیرۆریستییه‌کان و لایه‌نگرانی ئه‌وان له ناوچه‌که و له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی له ئیسلام پیشانی ده‌ده‌ن و به هه‌موو هێزێکی مادی و میدیایی پشتیوانیشی لێ ده‌کرێت، گوزارشت له‌و ئیسلامه ڕاسته‌قینه بکات. وتیشی: لایه‌نگرانی به ناو مافی مرۆڤی جیهانی ده‌بێت شه‌رمه‌زاری ئه‌و مافانه‌ی بن که ئیسلام بۆ خه‌ڵک و ته‌نانه‌ت سرووشت و ژینگه‌ش دیاری کردووه.
مامۆستا محه‌ممه‌دی تاوه‌گۆزی بۆ ئه‌مه‌ش داوای کرد که گه‌نجان به‌ره‌و ئیسلامی ڕاسته‌قینه ڕینمایی بکرێن.
به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی زانسته ئائینییه‌کانی مه‌وله‌وی کورد، پێغه‌مبه‌ری به سه‌رچاوه‌ی دادپه‌روه‌ری ناو برد و وتی: کاتێک له ئه‌ڵقه‌ی یه‌که‌می یاران و هه‌ڤاڵانی پێغه‌مبه‌ر، سه‌لمانی فارسی و سۆههیبی ڕۆمی ده‌بینرێت، ئه‌و ئیسلامه ڕاسته‌قینه‌مان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه که هیچ بانگه‌شه و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ک ناتوانێت ناشیرین پیشانی بدات، به‌و مه‌رجه‌ی که هه‌وڵی ناساندنی سیما و ڕواڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی بده‌ین.
ناوبراو له به‌شێکی دیکه‌ی وته‌کانیدا به ئاماژه به چالاکییه‌کانی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌یووبی، ڕایگه‌یاند: ئه‌و وه‌ک کوردێک، هه‌موو پێکهاته‌کانی له ژێر ئاڵای پیرۆزی ئیسلامدا کۆکرده‌وه و قودسی پیرۆزی ڕزگار کرد، وتیشی: ئێمه وه‌ک کورد به پێی به‌ڵگه مێژووییه‌کان، زۆر که‌سایه‌تی گه‌وره‌مان به درێژایی مێژوو، پێشکه‌ش به ئیسلام کردووه.
مامۆستا محه‌ممه‌دی تاوه‌گۆزی له کۆتاییدا هیوای ئه‌وه‌ی خواست که له ده‌ره‌نجامی ئه‌م ڕێ و ڕه‌سم و کۆبوونه‌وانه‌دا، زیاتر ئیسلامی ڕاسته‌قینه و که‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ر بۆ خه‌ڵک به تایبه‌ت گه‌نجان وه‌ک نه‌مامه‌کانی ئیسلام ڕوون ببێته‌وه.
شایانی ئاماژه‌یه چه‌ندین گرووپی سرووده ئیسلامییه‌کان له شاره‌کانی سنه و جوانڕۆ به‌شدارییان له ڕێ و ڕه‌سمی یادی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ی ئیسلام له شاری ڕوانسه‌ر کرد و له ڕاستیدا گڕ و تینێکی دیکه‌یان به‌م ڕی و ڕه‌سمه به‌خشی.