بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە دۆسیەی تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا ناوی کۆمپانیایەکی بەریتانی براوە. کۆمپانیای G4S دابینکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدای لە ئەستۆیە.
عەلی ئەلقاسی مێهر داواکاری گشتی تاران ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سەبارەت بە دوایین بەدواداچوون بۆ دۆسیەی تیرۆری شەهید سولێمانی، جەختیکردەوە کە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان لەم دۆسیەیە، ڕۆڵی کۆمپانیایەکی بەریتانییە کە پرسی دابینکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدا بە تایبەت گەشتەکانی لە ئەستۆ بووە و ئەندامانی ئەو کۆمپانیایە زانیاری هاتنی شەهید سولێمانی و هاوڕێکانیانی بە تیرۆریستانی ئەمریکی داوە.
قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقیش بە هەمان شێوە ئاشکرای کردووە کە کۆمپانیا بەریتانییەکە لە ئاشکراکردنی زانیاری هاتنی شەهید سولێمانی بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا دەستی هەبووە.
ناوبراو وتی: شێوازی ئاسایی فڕۆکەخانەی بەغدا وا بووە کە هەر فڕۆکەیەک دەگەیشتە بەغدا، کۆمپانیای G4S لە شوێنێکی تایبەت لە نزیک فڕۆکەکە ئامادە بێت بەڵام ئەو ڕۆژە، تەنیا ڕۆژ و تەنیا جارێک بوو کە ئۆتۆمبێلی کۆمپانیاکە لە بەردەم باندی فڕۆکەخانە ڕاوەستا و ئەمەش بەو مانایە دەبێت کە ڕاسپاردەیەکی هەبووە.
چالاکی کۆمپانیا بەریتانییەکە لە عێراق:
لە ماڵپەڕی فەرمی ئەم کۆمپانیایەدا هاتووە کە G4s لە ساڵی 2004 بە هاوبەشی کۆمپانیایەکی بەریتانی و کۆمپانیایەکی دانیمارکی دامەزراوە و چالاکی سەرەکیشی دابینکردنی خزمەتگوزاری ئەمنییە لە سەر ئاستی جیهان.
ئەم کۆمپانیایە لە ڕووی داهاتەوە بە گەورەترین کۆمپانیای جیهان دادەنرێت، 533 هەزار فەرمانبەری هەیە و لە پلەی سێهەمی گەورەترین کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە جیهان دادەنرێت و هەروەها لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بۆرسەی لەندەنیشە.
ئەم کۆمپانیایە بەدەر لە خزمەتگوزاری ئەمنی لە بواری پاککردنەوەی ناوچەکانی جیهان لە مین و تەقەمەنی چالاکی دەکات، چالاکییەکانی 85 وڵات لە جیهان دەگرێتەوە، لە کەنەدا و ئەمریکا و ئەمریکای لاتین تا هیندستان و چین و ژاپۆن و ئەندونیزیا و نیۆزلەندا و ئۆسترالیا.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کۆمپانیای G4S لە وڵاتانی میسر، سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین، عۆمان، عێراق، ئۆردن، لوبنان، تورکیا، کوێت و هەروەها فەڵەستینی داگیرکراو چالاکی دەکات.
G4S لە سعوودیە:
ئەم کۆمپانیایە لە وڵاتی سعوودیە 21 نووسینگە و زیاتر لە 13 هەزار فەرمانبەری خۆجێی هەیە کە لە کەرتی گواستنەوە، نەوت و گاز و مەشق و ڕاهێنان چالاکی دەکەن.
وێڕای ئەوەی کە لە بواری دابینکردنی ئاسایشی بینا حکومییەکان و پەیوەندییەکان و هەروەها چەندین بانک و دامەزراوە داراییەکان یارمەتیدەری حکومەتی سعوودیە دەبێت.
G4S لە عێراق:
لە ساڵی 2015 ئەم کۆمپانیایە گرێبەستێکی بە بڕی 187 ملیۆن دۆلار بۆ دابینکردنی ئاسایشی کۆمپانیای گازی بەسرە واژۆ کرد.
ساڵی 2018 پاش ئازادکردنی موسڵ لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، ئەم کۆمپانیایە بە هاوکاری نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەرکی پاککردنەوەی شاری موسڵی لە مین و تەقەمەنییەکانی دیکە لە ئەستۆ گرت.
پێشتر و لە سەردەمی سەرۆکایەتی نوری مالیکی بە گرێبەستێک ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی بەغدای لە ئەستۆ گرت. گرێبەستەکە لە ساڵانی 2010 و 2013 لە سەردەمی دەسەڵاتی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی درێژ کرایەوە و تا ئێستاش بەردەوامە.
کۆمپانیاکە بۆ خزمەتگوزارییەکانی لە فڕۆکەخانەی بەغدا ساڵانە 22 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لە حکومەتی عێراق وەردەگرێت.
لە ڕاپۆرتێکی کۆمپانیا بەریتانییەکە لە ساڵی 2013 دا هاتووە کە 840 فەرمانبەری لە فڕۆکەخانەی بەغدا هەیە کە 700 کەس لەوان هاووڵاتی عێراقین.
کۆمپانیاکە ڕوبەڕوی دژایەتی عێراقییەکان بووەتەوە:
چالاکییەکانی ئەم کۆمپانیا ئەمنییە ڕوبەڕوی هەندێک کێشە و ناڕەزایەتی و ئاڵۆزی بووەتەوە. لە ساڵی 2013 ناوەندێکی نەرویجی کە سەبارەت بە چالاکی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوە دەکات ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە بە پێی ئەو ڕاپۆرتە کۆمپانیای G4S ئەرکی پاراستنی گرتووخانەکانی ئیسرائیلی لە ئەستۆیە و لەو گرتووخانانەدا هەڵسووکەوتی نامرۆڤانەی لە گەڵ بەنکراوە فەڵەستینییەکاندا هەبووە.
ئەو ڕاپۆرتەش بووەتە هۆی ڕاگەیاندنی چەند کەمپینێک بۆ بایکۆتکردنی چالاکییەکانی کۆمپانیا بەریتانییەکە.
لە پاش ناڕەزایەتییەکان، کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە کۆتایی بە چالاکییەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکانی کەرتی خۆرئاوا لە فەڵەستین دەدات، هەرچەندە کە چالاکییەکانی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل بەردەوام بوو.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2020 نووسینگەکەی لە ناوچەی قادسیەی بەغدا کرایە ئامانجی هێرشێکی ڕۆکێتی.
کۆتایی/.