بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پارێزگاری هەولێر بە یاوەری شاندێک بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتی توانا هەناردەییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە تاران کرد کە بە ئێران ئێکسپۆ ناسراوە.
ئومێد خۆشناو لە پەراوێزی ئەو پێشانگایەدا چەندین کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و چەندین پارێزگار هەبوو، لەوانەش پارێزگارانی تاران، قەزوێن و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی، سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ تاران و ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران هاوبەشییەکی زۆریان لە بوارەکانی مێژوویی، کەلتوری، کۆمەڵایەتی و هتد هەیە و لە سەنگەرێکی هاوبەشدا دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆر و زاڵمی سەدامی لەناوچوو خەباتمان کردوو و ئێستا ئاستی پەیوەندییەکانمان لە هەموو کاتێک باشترە.
ناوبراو وتی: بە خۆشحاڵییەوە کە بانگهێشت کراین بۆ پێشانگای نێودەوڵەتی ئێران ئێکسپۆ – 2025 لە تاران کە پێشانگایەکی زۆر گرنگ و گەورە بوو، بە تایبەت بۆ پیشاندانی بەرهەم و کاڵاکانی ئێران کە لە زۆر بوارێکدا گەشەسەندێکی زۆری بەخۆوە بینیوە. لەو پێشانگایەدا نوێنەرانی زیاتر لە 100 وڵات و هەروەها زیاتر لە 800 کۆمپانیا بەشدار بوون. ئێمە لە کردنەوەی پێشانگاکەدا بەشدار بووین و خەڵکی زۆر باشمان بینی. لە پەراوێزی پێشانگاکەش بە پێی هاوئاهەنگیمان لە گەڵ کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لە گەڵ ئێران، پلانی پێویست بۆ بەڕێوەچوونی چەندین کۆبوونەوە داڕێژرا و لەو چوارچێوەدا لە گەڵ جێگری سەرۆک کۆمار، وەزیری بازرگانی، جێگری وەزیری ناوخۆ، لە گەڵ ژمارەیەک لە ژوورە بازرگانییەکان، لە گەڵ ژمارەیەک لە پارێزگاران بە تایبەت پارێزگاری تاران کۆبووینەوە و کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە گەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوو کە جەختکردنەوەیەک لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان بوو.
پارێزگاری هەولێر لە درێژەدا وتی: لە گەل پارێزگاری تاران یادداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوکاری هاوبەش واژۆ کرا. بەڕێز موعتەمەدیان پێشتر پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بووە و ڕۆڵێکی گرنگی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم پارێزگایە و هەولێر هەبووە و بە فەرمی بۆ سەردانیکردنی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کراوە.
ئومێد خۆشناو وتی: سەردانی پارێزگاری قەزوێنمان کرد و لە گەڵ پارێزگار و بەڕێوەبەرانی دیکەی پارێزگاکە کۆبووینەوە و یەکەم جارە کە پەیوەندی نێوان هەولێر و قەزوێن درووست دەبێت، بیر و ڕامان لێک نزیک بوو و ئیرادەیەکی هاوبەش بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان هەبوو. لە درێژەدا سەردانی پارێزگای زەنجان کرا و وێڕای چەند کۆبوونەوە و بەسەرکردنەوەی چەند کۆمپانیا و یەکەیەکی وەبەرهێنەر، یادداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش واژۆ کرا. هەروەها سەردانی دۆستانی خۆمان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کرد و هەر دوو لا پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی پێشوو کردەوە کە ئەو ڕێکەوتنانە لە ساڵانی ڕابردوودا هۆکاری گەشەسەندنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بووە.
ناوبراو وتی: ئێمە وەک هەرێمی کوردستان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئەوە ڕێکەوتنمان کردووە کە خاڵێکی دیکەی سنوری بکەینەوە کە کێلەشین – سیدەکانە و هەر دوو لا سەبارەت بە کردنەوەی ڕێگاوبان و دابینکردنی ئاسایش بۆ خەڵک و بازرگانان لێکتێگەیشتنی باشمان هەبووە. لە کۆبوونەوەکاندا باسی سنورە هاوبەشەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان کرا. هەر دوو لا نزیکەی 800 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشمان هەیە، لە کۆماری ئیسلامی ئێران و لە لێژنەی باڵای ئەمنیی عێراق کە وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدارە، بڕیاری باش سەبارەت بە دابینکردن و پاراستنی ئاسایشی سنورەکان دراوە و خۆشبەختانە ئاسایشی سنورەکان لە ئاستێکی باڵادایە و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەر دوو لادایە.
پارێزگاری هەولێر وتی: هەندیک بۆشایی لە سنورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەبووە کە مێژوویەکیان هەیە و ئێستا لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوریی عێراقەوە بۆشاییەکان پڕکراونەتەوە.
ئومێد خۆشناو وتی: بە گشتی کۆبوونەوەکانمان لە ئێران جیدی و دڵسۆزانە و لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی هەر دوو لا بووە.
پارێزگاری هەولێر سەبارەت بەوەی کە لە پاش دەستبەکاربوونی فەرامەرز ئەسەدی وەک سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیرادەی بەرپرسانی ئێرانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان، وتی: ڕۆڵی بەڕێز ئەسەدی زۆر بە بەرزی دەنرخێنین، وەک سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر و پێشتر لە کۆنسووڵخانەی سلێمانی ڕۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکاندا هەبووە، هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە هەستمان بەو ئیرادەی کردووە کە دەیانەوێت پەیوەندییەکان باشتر بکەن، نەک تەنیا بەڕێز ئەسەدی، بەڵکوو لە لایەن سەرجەم کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەو ئیرادەمان بینیوە و لە هەرێمی کوردستانیش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی دەکرێت.
ناوبراو وتی: لە هەندێک قۆناغدا پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان بەرزی و نزمیی بەخۆوە بینیوە. بەر لە دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە کاتی ئاوارەیی و پەنابەریدا کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو کات باوەشی بۆ خەڵکی ئیمە کردووەتەوە و سەنگەرێکی هاوبەش لە دژی ستەم بووینە و ئێستاش هەر دوو لا ئیرادەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان هەیە. سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان بە ڕووداوێکی گەورە و مێژوویی لە پەیوەندییەکانی هەر دوو لادا دانرا و پێشتریش خوالێخۆشبوو بەڕێز ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران، ویستی خۆیان بۆ سەردانیکردنی هەرێم پیشاندا و پلانی ئەو سەردانەش داڕێژا بەڵام ئەو کارەساتە گەورەیە ڕوویدا و سەردانەکە نەکرا./.