بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێسحاق جیهانگیری لە کۆبوونەوەی لە گەڵ فراکسیۆنی سوننەی پەرلەمانی ئێران جەختی لە سەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی پێکهاتەی سوننە وتی: سەرجەم خەڵکی ئێران و پێکهاتەکان دەبێت مافێکی یەکسانیان بە پێی پێگە و تایبەتمەندییەکانی خۆیان هەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە وەڵامی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ نامەی وتارخوێنی هەینی سوننەی زاهیدان وتی: ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە وەڵامی ئەو نامەیەدا جەختیان کردەوە کە خەڵکی سوننە دەبێت مافێکی بەرامبەریان لە گەڵ خەڵکانی دیکەدا هەبێت و کەڵک لە سەرجەم ئیمکانیاتی وڵات وەربگرن.
جیهانگیری وتی: پارێزگا سنورییەکان لە ڕیزی گرنگترین پارێزگاکانی ئێراندان و گەشەپێدانی ئەو پارێزگایانە دەبێت یەکێک لە گرنگترین و ستراتیژیترین پلانەکانی وڵات بێت، لە بەر ئەوەی کە ئەم تێڕوانینە ڕۆڵ و کاریگەری گرنگی لە ژیانی دانیشتووانی پارێزگا سنورییەکان و ئاسایشی سنورەکان دەبێت.