بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی ئەزرەقی شارەزای کاروباری ئابوری سەبارەت بە هۆکارەکانی ئامادەبوونی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: بەدەر لە هۆکارەکانی وەک دابینکردنی ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی، بەرژەوەندییە ئابورییەکان بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی بوونی ئەمریکا لە ناوچەکە دادەنرێت و لە دوو ڕێگاشەوە دابین دەکرێت: یەکەم: بەرژەوەندی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە سەرچاوەکانی وزە بە تایبەت نەوتی ناوچەکە. دووەم: لە ڕێگای بێبەشکردنی وڵاتانی ناوچەکە لە گەشەی ئابوری و پیشەسازی و ڕەخساندنی بەستێنی فرۆشتنی کاڵای ئەمریکی بەوان لە بەرامبەر پارەی نەوت.
ناوبراو وتی: ئەم بێبەشکردنەش لە دوو ڕێگایەوە دەبێت: ڕێگای یەکەم، بوونی ڕاوێژکارانی ئەمریکی لە پرۆژەکانی کەرتی پیشەسازی و ئابوری و نەگواستنەوەی زانستی پێویستە و دووەم، ناسەقامگیری ئەمنی کە دەرفەتی گەشەی ئابوری نادات.
ئەزرەقی سوریای بە نموونەیەکی ئەم سیاسەتەی ئەمریکا ناو برد و وتی: ئەم وڵاتە پێش سەرهەڵدانی قەیرانەکەی لە هەندێک وڵاتی ناوچەکە وەک سعوودیە و تورکیا لە ڕووی ئابورییەوە پێشکەوتووتر بووە و بە نموونەی وڵاتانی عەرەبی لە ڕووی گەشەی ئابورییەوە هەژمار دەکرا، ئەمریکا بە هاوکاری ئەم وڵاتانە و لە ڕێگای ناسەقامگیری ئەمنییەوە ڕێگریی لە گەشەی ئابوری سوریا کردووە و توانا ئابورییەکانیشی لە ناو بردووە.
ئەم شارەزا ئابورییە سەبارەت بە گرنگی ڕەهەندە ئابورییەکانی بوونی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: ناتوانین بڵێین کە بوونی ئەمریکییەکان لە ناوچەکە تەنیا ڕەهەندی ئابوریی هەیە بەڵام ئەمە خاڵێکی گرنگە، لە ئێستاشدا شەڕی ئەمریکا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە شەڕێکی ئابوری. دەتوانین ئەمەش سەبارەت بە عێراق، لوبنان و سەپاندنی سزاکانی سەر سوریا کە بە یاسای قەیسەر ناسراوە، ناو ببەین. بە گشتی دەتوانین بڵێین کە ئەمریکا دەیەوێت بە ڕێگای ئابوری گوشارەکانی لە سەر وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری چڕ بکاتەوە.
وتیشی کە بوونی سەرچاوەکانی وزە و ئابوری دەتوانێت یەکێک لە ڕێگاکانی یەکگرتنی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بێت، وەک چۆن کە هەڕەشەی داعش بووە هۆی ئەوەی چەشنێک لە یەکگرتوویی لە نێوان وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دوژمنە هاوبەشە بێتە پێشەوە، ئێستاش لە ڕێگای خۆڕاگری ئابورییەوە دەتوانین لە گەڵ هەر وڵاتێک لە ناوچەکە کەڵک لە دەفرایەتییە هاوبەشەکان وەربگرین.
کۆتایی/.