بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕژێمی زایۆنیستی بەرەبەیانی چوارشەممە بنکەی سەربازی T4 ی سوریای بۆ دووەم جار لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا بۆردومان کرد. ئەم بنکە سەربازییە کە بە ناوی بنکەی ئاسمانیی ” التیاس ” لە 60 کیلۆمەتری شاری تەدمۆڕ لە پارێزگای حۆمسدایە و بە گەورەترین بنکەی سەربازی ئاسمانیی سوریا دادەنرێت.
بنکەی T4 لە سەردەمی شەڕی ناوخۆیی سوریا بە بیانووی بوونی هێزەکانی خۆڕاگری چەندین جار کرایە ئامانجی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی. پرسیار ئەوەیە کە بۆ ئەم بنکە سەربازییە زیانپێگەیشتووە بە بێ هیچ توانایەکی ستراتیژی، لەم ماوەیەدا دوو جار کراوەتە ئامانجی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی.
بە پێی هەندێک ڕاپۆرت، حکومەتی تورکیا بەنیازە تۆڕێکی بەرگری ئاسمانی لە سوریا دابین بکات کە ناوەندەکەی دەکەوێتە بنکەی سەربازیی T4 و وەک چۆن ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕایگەیاندووە یەکەم کاروانی کەرەستە و پێداویستییەکان ڕۆژی چوارشەممە بە ڕێگای وشکانی لە تورکیاوە گەیشتووەتە سوریا. تورکیا بەنیازە لەم مانگەدا (مانگی نیسان) بنکە سەربازییەکە چالاک بکات.
تورکیا بەنیازە سیستەمی ڕاداری و بەرگری ئاسمانی لەو بنکە سەربازییەدا جێگیر بکات. هەروەها بڕیارە چەندین جۆرە درۆنی تورکی لە بنکەی T4 دا جێگیر بکرێن.
چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە کە تورکیا سیستەمی S400 ی ڕووسیا کە لە ساڵی 2017 لەو وڵاتەی کڕیوە و بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە کەڵکی لێوەرنەگرتووە، بۆ بنکەی سەربازیی T4 دەیگوازێتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی گرێبەستەکانی تایبەت بە فرۆشتنی S400 وڵاتی کڕیار مافی فرۆشتن یا جێگیرکردنی ئەم سیستەمەی لە وڵاتی سێهەمدا نییە و ئەمەش دەتوانێت ببێتە کێشەیەکی یاسایی لە نێوان ڕووسیا و تورکیا.
جموجوڵە سەربازییەکانی تورکیا بووەتە هۆی نیگەرانی ڕژێمی زایۆنیستی و دەیەوێت بە هەر شێوەیەک ڕێگری لە ئامادەبوونی ڕکابەرە ناوچەییەکانی لە سوریا بکات.
بەرپرسێکی ئەمنی لە ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە بوونی تورکیا لە سوریا بە هەڕەشە دادەنرێت و تەل ئەبیب بە قبووڵنەکراوی دەزانێت.
شرۆڤەکارانی سیاسی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەڵێن بوونی تورکیا و بەهێزبوونی حکەمەتەکەی ئەحمەد شەرع کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای ئیخوانییە، بە هەڕەشەیەک لە سەر ئەو ڕژێمە دەزانن.
هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بەردەوامی ململانێکانی نێوان تورکیا و ڕژێمی زایۆنیستی لە خاکی سوریا زیاتر ببێت./.









