یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری سنە، پارکی دارستانی ئاویەرە کە لە ڕۆژاوای ئەو شارە و لە داوێنی کێوێک هەر بە ئەو ناوەوە جێی گرتووە و یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنە دێتە ئەژمار.
کێوی ئاویەر لە نزیک شاری سنە هەڵکەوتووە کە لە ڕاستیدار لە دوو کێو بە ناوەکانی ئاویەری گەورە و ئاویەری بچووک پێکهاتووە کە بەرزایی ئاویەری گەورە ٢٥٠ مەتر لە ئاستی دەریایە و ئاویەری بچووک ٢٣٥٠ مەتر لە ئاشتی دەریا بەرزترە.
وشەی ئاویەر خۆی بە واتای شوێنێکە کە ئاوی زۆر و بەرفراوانی هەیە
کێوی ئاویەر بە گشتی و پارکی دارستانی ئاویەر بەتایبەتی سەرەکی ترین شوێنی گەشت و سەیران و حەسانەوەی خەڵکی شاری سنەیە و لە وەرزە جیاجیاکانی ساڵ خەڵک سەردانی ئەوێ دەکەن و ئاڵبەت دەبێ ئەوەش باس بکرێت کە لە سەر ئەو کێوەوە شاری سنە تەواو دەبینرێت و دیمەنێکی زۆر جوانی هەیە.
هەبوونی چەندین کانی و باخی سروشتی دیمەنێکی زۆر جوانی پێک هێناوە و بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو کێوە ساڵانە هەزاران گەشتیار لە ناو و دەرەوەی پارێزگا وەربگرێت.
ئاوی کانیەکانی کێوی ئاویەری سنە کە پارکی دارستانیش تێیدا خۆی دەنوێنێت، هێشتا سەرچاوەی هومارئاوەکانی عیمارەتەکانی خەسراوا، ئاسەف، وەکێڵ و ژمارەیەک بینای مێژوویی ترە.
کێوی ئاویەر وەکوو یەکێک لە سەرەکی ترین سەیرانگاکانی شاری سنە دێتە ئەژمار و چەندین کانی و کێو و شوێنی مێژوویی و سروشتی دیکەی هەیە کە دڵی هەر گەشتیارێک دەڕفێنێت وەکوو کانی شەفا، کانی ماماتکا، گوێزە کوێر، خەیرزنە، تاقەدار، ئەمیریە(پارکی دارستانی ئاویەر)، حەوت ئاسیاو، بان شڵانە، کوچک قورئان، کانی کوچک و لووتکەی ئاویە کە لەوێ شوێنێک وەکوو پەناگەیان بۆ کەژەوانەکان چێ کردووە.
خەڵکی شاری سنە لە ڕۆژانی هەینی ڕوو لە کێوی ئاویەر دەکەن و هەر یەکێکیان ڕوو لە لایەکێک لە ئەو کێوە پان و بەرینە دەکەن و چەند کاتژمێرێکیان لە ئەو دیمەنە بێدەنگ و جوانە تێدەپەڕێنن و دەحەسێنەوە و هەندێک کەس لە پیاو و لە ژنیش بۆ کەژەوانی و لەش ساغی خوویان بە کەژەوانی لە کێوی ئاویەر گرتووە و هەر کاتژمێرێک لە شەو و لە ڕۆژ کە دەچیتە هەر شوێنێک لە ئاویەر، دەیانبینیت کە یان سەردەکەون بەرەو بان و یان هێواش هێواش دێنە خوارەوە لە کێوەکە.
تایبەتمەندی تۆپۆگرافی کێوی ئاویەر
جگە لە ئەو شوێنانە کە لە سەرەوە ناویان لێ برا ئاویەر بە چەند شتی ترەوە بەناوبانگە لەوانە گەورەترین سینەمای سەرئاوەڵای ئێران و یەکێک لە سینەما سەرئاوەڵاکانی جیهانی تێدا دانراوە.
لە مەیدانی گۆزەبەشانی ئاویەر نەقش بەرجستەیەک لە سەر دیوارێک هەڵکۆڵدراوە کە لە هەندێک وێنەوە ئیلهام گیراوە کە لە ساڵی ١٣٧٦ لە قەڵای زێویە لە ئاستێکی زۆر بچووک، دۆزراوەتەوە و پەیکەرسازی ناوداری کورد بەڕێز هادی زیائەدینی ئەو نوێنەگەلەی چێ کردووە کە بابەتەکەی ماسی، مرۆڤ و مانگا و ڕاوی شێرە.
لە کەنار پارکی ئەمیریە پەیکەرەێک دانراوە کە هێمای بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان لە شەڕە و بەدەستی هادی زیائەدینی چێ کراوە. ئەو پەیکەرە باوکێکی کورد نیشان دەدات کە دوو منداڵەکەی لە ئامێز گرتووە و ڕووی لە شاری سنەیە. ئەو پەیکەرە ١٥ مەتر بەرزە و لە سەر فۆندانسیۆنێک بە بەرزایی ٧ مەتر جێی گرتووە و گەورەترین پەیکەری ئێرانیش دێتە ئەژمار.
هەروەها لە بەشێک لە کێوی ئاویەر پارکێک بە ڕووبەری ٣٥٠٠ مەتر چێ کراوە بە ناوی پارکی ناودارانی کورد ناودێر کراوە و تێیدا پەیکەری ١٠ ناوداری کورد لەوانە، میرزا ڕزا کەلهوڕ، هونەرمەند بەرات عەلی نوورایی، عەبدولحەمید مەلیکولکەلامی، ئیبراهیم یوونسی، شێخ ڕەزا تاڵەبانی، مەحوی، مامۆستا موزەفەر پەرتۆما، گۆران، نالی، ئەمانوڵڵا خانی ئەردەڵان، کە بە دەستی هونەرمەندی کورد هادی زیائەدینی چێ کراوە، دانراوە.