بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی، سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و تاران تووشی گۆڕانکاری بووە؟ وتی: ئێمە بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا دەڕوانین و لە بەرژەوەندی هاوبەش و پەیوەندی مێژوویی نێوان گەلانی هەر دوو وڵات ئاگادارین و بەردەوام ئەمەمان دووپات کردووەتەوە.
ناوبراو وتی: ئاشکرایە کە لە کۆنەوە تا ئێستا سەبارەت بە هەندێک دۆسیەی ناوچەیی ناکۆکیمان لە گەڵ تورکیا هەبووە، گرنگ ئەوەیە کە هەر دوو لا بە تێڕوانینی ورد و هەڵسووکەوتی لۆژیکی لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە ئیدارەی ناکۆکی و تێڕوانینە جیاکانی خۆیان بدەن و ڕێگری لەوە بکەن ئەم تێڕوانینە جیایە زیان بە پەیوەندییەکان بگەێنێت.
بەقایی وتی: ئەمە سیاسەتی هەمیشەیی ئێمەیە بەڵام ئەو لێدوانانەی کە بیسترا و بەردەوام دووبارە دەکرێتە، لێدوانێکی ئیجابی نەبووە و بە پێویست زانراوە هەڵوێستی ئێران ڕوون بکرێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: ئەوەی کە لە چەند مانگی ڕابردوو لە ناوچەکەدا بینرا، ئاسەوار و کاریگەرییەکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوونتر دەبێتەوە، بۆ نموونە، سەبارەت بە زیاتربوونی پیلانگێڕییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سوریا و ناوچەکە. هەربۆیە دۆستانی تورکیا باشتر بیر لەو دەرەنجام و کاریگەرییانە بکەنەوە کە بە سەر سیاسەتەکانیاندا سەپێندراوە.
بەقایی وتی: ئەوەی دەبێت لە لایەن ئێمە و تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی گرنگ بێت، ئەوەیە کە بتوانین ناوچەیەکی سەقامگیر و بە دوور لە ناکۆکی و دووبەرەکی بۆ خێر و چاکەی گەلانی خۆمان بونیات بنێین. لەم ڕێگایەدا هەوڵ دەدەین و لەو بڕوایەداین کە تورکیاش سەبارەت بە گرنگی پاراستن و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە پێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی هەر دوو گەل، ئاگادارە و هەوڵ دەدات. هیوادارین بە هاوکاری هاوبەش درێژە بەم ڕێگایە بدەین./.









