بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بڕیارە ڕۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کۆشکی سپی لە گەڵ دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا کۆببێتەوە.
نتانیاهۆ پاش ئەم هەموو شکستەی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا و شەڕی غەززە، بانگەشەی ئەوەیکردووە کە گۆڕانکاری گەورەی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە و لێرە بە دواش لە گەڵ دوناڵد ترەمپ نەخشەی ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری دەبات.
نتانیاهۆ یەکەم بەرپرسی بیانییە کە لە پاش دەستبەکاربوونی ترەمپ لە 20 ی کانوونی دووەمی 2025 لە گەڵیدا کۆدەبێتەوە.
بەرەنگاربوونەوەی حەماس، گەڕانەوەی دیلە زایۆنیستەکان و ئێران لە گرنگترینی ئەو بابەتانەن کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی نتانیاهۆ و ترەمپ قسەیان لە سەر بکرێت.
دۆخی غەززە، گرنگترین بەشی سەردانەکەی نتانیاهۆ بۆ ئەمریکا
شارەزایەکی کاروباری ناوچەکە ڕایگەیاندووە کە داهاتووی غەززە و ناوچەکە بە گرنگترین بابەتی پەیوەندیدار بە سەردانەکەی نتانیاهۆ بۆ ئەمریکا دادەنرێت.
حەسەن بەهەشتی پور سەبارەت بە سەردانەکەی نتانیاهۆ بۆ ئەمریکا وتی: لە ئێستادا بەدەر لە میسر و ئەردەن، سعوودیە و قەتەر و ئیمارات و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین دژایەتی خۆیان بۆ کۆچی زۆرەملەی دانیشتووانی غەززە ڕاگەیاندووە بەڵام پێدەچێت ئەمریکا بە دوو ئامرازی هەڕەشە و ئیمتیاز بەم وڵاتانە بیەوێت پرۆژەکەی بەرەوپێش ببات، بە تایبەت هەوڵ دەدات میسر و ئەردەن ڕازی بکات، هەربۆیە گرنگترین بەشی سەردانەکەی نتانیاهۆ بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە و بەڕێوەبردنی لە داهاتوودا دەگەڕێتەوە.
ناوبراو وتی: دەبێت بزانین پلانی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە کۆچی زۆرەملەی فەڵەستینییەکان چییە. ترەمپ دەیەوێت پرۆژەی ئابراهام بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی زیندوو بکاتەوە و هەربۆیە پلانی دانوستانی لە گەڵ سعوودیە و میسر و ئیمارات و ئەردەن و بەحرەین هەیە و بۆ ئەمەش پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە غەززە هەیە. پرۆژەی ئابراهام دژایەتی پلانی دوو دەوڵەتی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی و فەڵەستین دەکات، هەربۆیە دەبێت چاوەڕوان بین کە ئیرادەی سیاسی ئەم وڵاتانە لە کۆتاییدا بەرەو کوێ دەڕوات. بە پێی گۆڕانکارییەکان و شەڕی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 و ئەو هەموو تاوانەی کە ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی فەڵەستینییەکان بە تایبەت لە غەززە کردوویەتی، ئەستەمە وڵاتانی عەرەبی بتوانن هاوکاری ئەو ڕژێمە بکەن.
تێڕوانینی ترەمپ سەبارەت بە ئێران
بەهەشتی پور وتی: ئاساییە کە پرسی ئێران لەم سەردانەدا لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە تاوتوێ بکرێت. نتانیاهۆ هەوڵ دەدات بۆ هێرشی سەربازی سەر ئێران ڕەزامەندی ترەمپ بە دەست بێنێت و بە بێ پشتیوانی و بەشداری ئەمریکا ئەم هێرشە سەرناگرێت. لە لایەکی دیکەوە ترەمپ عەم چوارساڵەی لەبەردەستە تا ئامانج و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات و ئەستەمە کە بیەوێت ئەمریکا پەلکێشی شەڕێکی گەورەی ناوچەیی بکات. ترەمپ ئەوەی پیشانداوە کە دەیەوێت لە گەڵ ئێران بژاردەی دانوستان تاقیبکاتەوە و ئەگەر ئەنجامێکی نەبێت بیر لە بژاردەکانی دیکە دەکاتەوە. هەر بۆیە ئەستەمە بە بێ ئەوەی کە بژاردەی دانوستان تاقیبکاتەوە، بژاردەکانی دیکە جێبەجێ بکات.
ناوبراو وتی: خولی پێشووی سەرۆکایەتی ترەمپ لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو لە ڕێگای زیاترکردنی گوشارەکانی سەر ئێرانەوە بە ئامانجەکانی بگات، هەربۆیە لەم خولەدا تێڕوانینێکی جیای دەبێت. ئەوەی کە ئەم تێڕوانینە لە بەرژەوەندی ئێران دەبێت یان نە، بابەتێکی دیکەیە.
ئەم شارەزا سیاسییە وتی: ترەمپ چوار ساڵی سەرۆکایەتی لە پێشە و دەیەوێت هەنگاوەی وەها بنێت کە لە مێژووی ئەمریکادا بمێنێتەوە. سەبارەت بە ئێران دەیەوێت لە ڕێگای دانوستان و وتووێژەوە ئیمتیازێکی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار بکات.
هاوکێشەکانی ئێستا لە گەڵ خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ جیاوازە
بەهەشتی پور سەبارەت بە تێڕوانینی ئێران لە سەر بڕیارەکانی دوناڵد ترەمپ، وتی: ڕاستییەکە ئەوەیە کە ترەمپ دەبێت بە پێی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت شەڕی ئۆکرانیا و 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 بڕیار بدات. لە لایەکی دیکەوە هاوکێشەکانی ئێستا لە گەڵ خولی پێشووی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ جیاوازییەکی زۆری هەیە. تێڕوانینی ئێرانیش دەبێت بە پێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بگۆڕدرێت، دەبێت پلان و پرۆژەی بۆ هەر ئەگەرێکی داهاتوو هەبێت./.










