ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرک تایمز له شرۆڤه‌یه‌کدا پێش بینی ئه‌وه‌ی کردووه که 5 وڵاتی عه‌ره‌بی به هۆی گرژی و ئاڵۆزییه ناوخۆییه‌کانیان له ئاکامدا به سه‌ر 14 وڵاتی نوێ دابه‌ش ده‌بن.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نیۆیۆرک تایمز نه‌خشه‌یه‌کی نوێی له‌م 14 وڵاته بڵاو کردووه‌ته‌وه که پیشان ده‌دات 5 وڵاتی عه‌ره‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئه‌فریقا به هۆی گرژی و ئاڵۆزی سیاسی و مه‌زهه‌بی و تائیفی له ئاکامدا ده‌بنه 14 وڵاتی نوێ. به بڕوای ڕۆبرت ڕایت نووسه‌ری شرۆڤه‌که، له ئاکامی کێشه ناوخۆییه‌کان، سوریا و عێراق ده‌بنه 4 وڵاتی نوێی عه‌له‌وی و کوردستان و وڵاتێکی عه‌ره‌بی سوننه و عه‌ره‌بی شێعه. شرۆڤه‌کاری نیۆیۆرک تایمز هه‌روه‌ها ئاڵۆزییه ناوخۆییه‌کانی عه‌ره‌بستانی به هۆکارێک بۆ دابه‌شبوونی به سه‌ر 5 وڵاتی نوێ ناو ده‌بات. عه‌ره‌بستانی باکور، ڕۆژهه‌ڵات، ڕۆژئاوا، باشور و حکومه‌تێکی وه‌هابی ئه‌و 5 وڵاته نوێیه‌ن. وڵاتی نوێی عه‌ره‌بستانی ڕۆژهه‌ڵات له که‌ناراوه‌کانی باشوری که‌نداوی فارس پێک دێت و عه‌ره‌به شێعه‌کانی ئێستای عه‌ره‌بستان له خۆ ده‌گرێت. به پێی نه‌خشه بڵاوکراوه‌کان، وڵاتانی یه‌مه‌ن و لیبیا به هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه ناوخۆییه‌کان هه‌ر یه‌ک به سه‌ر 2 و 3 وڵاتی نوێ دابه‌ش ده‌بن.