له ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوو پێکدادان و شه‌ڕی نێوان تاڵیبان و هێزه‌کانی حکومه‌تی ئه‌فغانستانمان له ناوچه‌ی قندوز بینی که له ئاکامدا بوو به هۆی پێشڕه‌وی هێزه‌کانی تاڵیبان و پاشان که‌وتنی قندوز. له کاتی ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان، ئه‌م گرووپه به شێوازی نافه‌رمی و ناڕاسته‌وخۆ چالاکی کردووه و چالاکییه‌کانیان له چه‌ندین ڕێڕه‌وی جیاواز درێژه‌ی پێ ده‌درێت. له ڕیزی ئه‌و چالاکییانه‌ش ده‌توانین ئاماژه به هه‌ندێک بابه‌تی وه‌ک په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ به‌رپرسانی حکومی، هه‌ماهه‌نگی و هاوکاری له گه‌ڵ ئه‌وان بده‌ین که له هه‌ندێک کاتدا، هێزه‌کانی سه‌ر به حکومه‌ت هه‌ل و مه‌رج و به‌ستێنی پێویست بۆ سه‌رهه‌ڵدانی سه‌ر له نوێی تاڵیبان دابین ده‌که‌ن.
کرده‌وه‌کانی داعش له ناوچه‌کانی باکوری ئه‌فغانستان به تایبه‌ت ڕاکێشانی که‌سانی گه‌نج، وای کرد که تاڵیبان به‌دواداچوون بۆ دوو پرسی گرنگ بکات:
1)ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی تاڵیبان که هه‌نگاوه‌کانی داعش له ئه‌فغانستان به ئه‌رێنی ده‌زانن، خوازیاری ئه‌وه‌ن که په‌یوه‌ندییه‌کان له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی به‌ناو ئیسلامی له عێراق و شام ڕوو له نزیکبوونه‌وه بکات.
2)ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی تاڵیبان که دژایه‌تی داعش ده‌که‌ن و ئه‌و گرووپه به مه‌ترسی بۆ سه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌یان ده‌زانن، له‌و بڕوایه‌دان که به هه‌بوونی داعش له ئه‌فغانستان پێگه‌ی تاڵیبان لاواز ده‌بێت، هه‌ر بۆیه به هه‌ر شێوازێک هه‌وڵی پاراستنی پێگه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن. له‌م ڕووه‌شه‌وه سه‌رجه‌م هه‌وڵ و چالاکییه‌کانیان به‌کار دێنن. ئه‌مه‌ش له شه‌ڕ و پێکدادانه‌کانی قندوز ده‌بینرێت.
داعش و تاڵیبان هه‌وڵی پاراستنی پێگه‌ی خۆیان له ناوچه‌کانی باکوری ئه‌فغانستان ده‌ده‌ن. ئه‌ڵبه‌ت هێزه بیانییه‌کان له ئه‌فغانستان به‌ستێنی ئه‌م ڕووداوانه‌یان دابین کردووه. هه‌ل و مه‌رجی نوێی قندوز پیشانده‌ری لاوازبوونی هێزه ئه‌منییه‌کانی ئه‌فغانستانه. حکومه‌تی ئه‌فغانستان توانای پاراستنی ئه‌م شاره‌ی نه‌بوو و له ئاکامدا که‌وتنی قندوز به چاو بینرا. تاڵیبان هاوشێوه‌ی ساڵی 2000 توندووتیژییان ده‌ستپێکرد و سه‌رجه‌م ژێرخانی ئابوری ناوچه‌که‌یان له ناو برد. له کاتی گه‌یشتنی هێزه‌کانی حکومه‌ت و فه‌رمانده جیهادییه‌کان، هێزه‌کانی تاڵیبان له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌ستیان دایه ڕووخاندن و کاولکاری له ناوچه‌که. لاوازی ئه‌منی و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی بوو به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕانکارییه‌کانی نوێ له باکوری ئه‌فغانستان. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جارێکی دیکه قندوز له لایه‌ن هێزه‌کانی حکومه‌ته‌وه کۆنتڕۆڵ بکرێته‌وه، خه‌ڵکێکی زۆر کوژراو و بریندارن، ئه‌و ڕێژه که‌مه ئاوه‌دانییه‌ش که له ماوه‌ی 13 ساڵی ڕابردوو له لایه‌ن هێزه بیانییه‌کان و یارمه‌تی کۆمه‌ڵگای جیهانییه‌وه به‌دیهاتووه، له ناو براون. ئه‌م بابه‌ته‌ش، به‌سراوه‌یی زیاتری ئه‌فغانستان به هێزه‌کانی ده‌ره‌کی زۆرتر ده‌کات و هه‌ل و مه‌رجه‌که‌ش له باکوری ئه‌فغانستان وه‌ک نموونه‌یه‌ک بۆ ئاماده‌بوونی تاڵیبان له ناوچه‌که به‌ره‌و ئالۆزی زیاتر ده‌بات.
تاڵیبانی سیاسی، تاڵیبانی سه‌ربازی
پاش مردنی مه‌لا عومه‌ر، ئه‌و باڵانه‌ی که له ژێر کاریگه‌ری سه‌رکردایه‌تی ناوبراو به هه‌ماهه‌نگی چالاکییان ده‌کرد ئاشکرا بوون. تاڵیبان پیشانی دا که هه‌ندێک لایه‌نی تێدایه که به سه‌ر دوو به‌ره‌ی ئاشتیخواز و شه‌ڕه‌نگێز دابه‌ش کراون. ئه‌وانه‌ی که دژایه‌تی ئاشتییان ده‌کرد له تاڵیبان جیا بوونه‌وه و دانیان به سه‌رکردایه‌تی نوێ نه‌ناوه. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێک له به‌رپرسانی پێشوو له گه‌ڵ مه‌لا ئه‌خته‌ر په‌یمانی نوێیان به‌ست به‌ڵام تێڕوانینی تایبه‌تیان هه‌بوو و ئاماده‌بوونی داعش هه‌ل و مه‌رجه‌که‌ی دژوارتر کرد. ئه‌م باڵه‌ی تاڵیبان به‌رده‌وام بیر له شه‌ڕ ده‌که‌نه‌وه و پێیان وایه که ده‌سه‌ڵاتی ئه‌فغانستان پێویسته لای ئه‌وان بێت و له‌م پێناوه‌شدا چالاکییه‌کانی خۆیان درێژه پێ ده‌ده‌ن. له به‌رامبه‌ردا باڵێکی دیکه‌ی تاڵیبان به به‌شداری له ده‌سه‌ڵات و هه‌ماهه‌نگی له گه‌ڵ وڵاتانێک وه‌ک ئه‌مریکا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن خۆیان وه‌ک هێزێکی تکنۆکرات و نیشتمان په‌روه‌ر پیشان بده‌ن تا به گه‌یشتن به ده‌ره‌نجامێک له گه‌ڵ حکومه‌ت، له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا به‌شداری بکه‌ن.
ئه‌ڵبه‌ت پێویسته ئه‌وه‌ش له به‌رچاو بگیردرێت که تاڵیبان، سه‌له‌فییه‌کان و زۆربه‌ی تیرۆریسته‌کان له ناوچه‌که په‌یوه‌ندییان پێکه‌وه هه‌یه. تاڵیبان نایه‌وێت دواکه‌وتووی گرووپه‌کانی دیکه به تایبه‌ت داعش بێت. ئه‌گه‌ر هه‌ر باڵێکی تاڵیبان بگاته ده‌سه‌ڵات له به‌رژه‌وه‌ندی بزوتنه‌وه‌که‌دا هه‌نگاو ده‌نێت. بۆ نموونه ده‌توانین ئاماژه به محه‌ممه‌دخان جێگری یه‌که‌می به‌رپرسی جێبه‌جێکاری حکومه‌ت بده‌ین که سه‌ر به حیزبی ئیسلامییه. ئه‌گه‌رچی ڕایگه‌یاندووه که په‌یوه‌ندی به‌و حیزبه‌وه نه‌ماوه به‌ڵام خه‌ڵک و حکومه‌ت به ناوی حیزبی ئیسلامی ناویان ده‌به‌ن که به‌شدارییان له حکومه‌تدا کردووه. هه‌ر بۆیه ئاماده‌بوونی له حکومه‌تدا به مانای ڕێکه‌وتن و پێدانی ئیمتیازه له لایه‌ن حکومه‌ته‌وه بۆ حیزب و که‌سایه‌تییه‌کان. حیزبی ئیسلامی په‌یوه‌ندی نزیکی له گه‌ڵ تاڵیبان هه‌یه.
نووسه‌ر: سه‌ید وه‌حید زههوری حوسێنی
به‌رپرسی دامه‌زراوه‌ی که‌وسه‌ری ئه‌فغانستان
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی دیپلۆماسی ئێرانی
وه‌رگێڕان: جام کوردی