مامۆستا عەبدوڵڵا قوربانی ناسراو بە عەبدوڵڵا ماچکەیی هونەرمەندی ناسراوەی بواری مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی کاتژمێرێک بەر لە ئێستا کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی جام کوردی به گێڕانهوه له کوردپرێس، عەبدوڵڵا ماچکەیی کە ماوەیەک بوو بە هۆی نەخۆشی و پیری لە جێدا کەوتبوو، ئەمشەو بە یەگجاری ماڵئاوایی لە ژیان کرد و بڕیارە تەرمی ئەو هونەرمەندە بەیانی رۆژی یەکشەممە ٢٩ی سەرماوەز بە بەشداریی هونەرمەندانی و لایەنگرانی لە مەزارگەی هونەرمەندانی شاری سنە ئەسپاردە بکرێت.
عەبدوڵڵا ماچکەیی لە ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە شاری قەسری شیرین لە دایکبوو و تا ١٢ ساڵان لەو شارە ژیا و پاشان چووەتە گوندی ماچکە لە ناوچەی لەیلاخ و دوای فێربوونی وانەی ژەندن و گۆرانیبێژیی نەریتی لای خاڵۆی و پاشان لای میرزا محەمەد ئەمین زەندی، بە هۆی دەنگی دڵنشینییەوە لە کۆڕ و میوانییەکان گۆرانی و بەستەی چڕیوە و لەمناوە چەندین بەرهەمی فۆلکلۆری بە دەنگی خۆی تۆمار کردووە.
لەو هونەرمەندە جیا لە بەرهەمە بەربڵاوەکان کە بە شێوەی نەریتی تۆمار کراوە، ئەلبۆمی مۆسیقایی هەڵپەرکێکانی کوردستان، وەک توێژینەوە و داڕشتنەوەیەکی دووبارەی ریتم و گۆرانییەکانی هەڵپەرکێی کوردی بە هاوژەنیاریی مامۆستایان محەمەد بەهمەنی (سورنا) و عەبدوڵڵا نەبیوڵڵاهی (دەهۆڵ)، لە لایەن دەزگای فەرهەنگ و هونەری ماهوور لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە.
جام کوردی پرسه و سەرەوخۆشیی خۆی بۆ کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە ئاراستەی تێکرای کۆمەڵگای فەرهەنگی و هونەریی کوردستان و هەروەها بنەماڵەی ئەو خوالێخۆشبووە دەکات.