بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کامیل سەقەر ڕایگەیاندووە کە ڕووسیا پاش کەوتنی حەلەب وەڵامی داواکارییەکانی بەشار ئەسەدی بۆ گواستنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران لە ڕێگای بنکەی حەمیمیمەوە نەداوەتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بەشار ئەسەد سێ ڕۆژ پێش 8 ی کانوونی یەکەمی 2024 (ڕۆژی کەوتنی دیمەشق) لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو کە پەیوەندی بە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیاوە بکات.
بە وتەی سەقەر، ئێرانییەکان بە بەشار ئەسەدیان ڕاگەیاندبوو کە گواستنەوەی فڕۆکەی ئەم وڵاتە بۆ بنکەی حەمیمیم و تێپەڕاندنی ئاسمانی عێراق و سوریا دەستەبەر نەکراوە.
ئەو بەرپرسەی حکومەتی پێشووی سوریا ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ وەڵامی داواکارییەکەی بەشار ئەسەدی بۆ بەکارهێنانی بنکەی حەمیمیم و گواستنەوەی هاوکارییە سەربازییەکەی ئێران نەداوەتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەمریکییەکان هەڕەشەی کردنە ئامانجی ئەو فڕۆکە ئێرانییەیان کردبوو و هەر بۆیە فڕۆکە ئێرانییەکە کە ویستی گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی بووە، ناچار بە گەڕانەوە کراوە.
بەرپرسی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی بەشار ئەسەد هەروەها ڕایگەیاندووە کە دۆخی سەربازیی سوریا پاش کەوتنی حەلەب خراپ بووە و سوپای ئەم وڵاتە توانای شەڕی نەبووە و دۆخی ئابوریش ئاستی قەیرانی تێپەڕاندبوو.
کامیل سەقەر هەروەها ڕایگەیاندووە کە لایەنی عێراقی ڕۆژی 6 ی کانوونی یەکەمی 2024 بە سوریای ڕاگەیاندبوو کە تورکیا هەر دانوستانێک لە گەڵ ئەسەد لەم هەلومەرجەدا ڕەتدەکاتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری سوریا هەوڵی ئەوەیدەدا بەشار ئەسەد و ئەردۆغان کۆببنەوە بەڵام ئەسەد ئەوەی ڕەتکردەوە، هەورەها ڕێگریی لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا کرد و تەنیا موڵەتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی دەرکرد.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕۆژنامەوانی بەشار ئەسەد ئاشکرای کردووە کە کۆتا سەردانی ناوبراو بۆ ڕووسیا پێش کەوتنی دیمەشق بێ ئەنجام بوو و تەنانەت لە گەڵ پوتین کۆبوونەوەی بۆ نەکرا./.