بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی لومۆندی فەرەنسا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە پێشڕەوییە خێراکەی گرووپە چەکدارەکانی سوریا بە تایبەت گرووپی تیرۆریستی تەحریری شام و داگیرکردنی یەک لە دوای یەکی شارەکانی ئەم وڵاتە، بە تایبەت دیمەشق و کەوتنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە ئەنجامی پیلانێکی ئیمارات بووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەشار ئەسەد لە مانگەکانی کۆتایی دەسەڵاتەکەی لە سوریا بە بەڵێنەکانی ئیمارات فریو درا و لەو بڕوایەدا بوو کە لە کارتی ئیمارات دەتوانێت لە بەرامبەر نەیارانی سوری و تورکیا کەڵک وەربگرێت.
لومۆند ڕایگەیاندووە کە بەشار ئەسەد پێش دوو هەفتە لە کەوتنی دەسەڵاتەکەی، سەرجەم پێشنیار و دەستپێشخەرییەکانی بۆ چاکسازی سیاسی و دانوستان لە گەڵ نەیاران و هەروەها جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئاستانەی 2020 و کۆبوونەوە لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای ڕەتکردەوە.
ئەو ڕۆژنامە فەرەنسییە ڕایگەیاندووە کە ئەسەد گومانی لەوەدا نەبوو کە چەندین کارتی لە دەستدایە کە ڕێگری لە کەوتنی دەکات، بە تایبەت ئەوەی کە لە ساڵی 2018 ەوە جۆرێک لە پشتیوانیی لە لایەن ئیماراتەوە کرابوو و هەر ئەمەش وایکردبوو کە بۆ کۆمکاری عەرەبی بگەڕێتەوە و لە کۆبوونەوەی 2023 لوتکەی عەرەبیدا بەشداری کردبوو.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئیماراتیش وەک وڵاتانی ئەردەن و عێراق پاش ڕووداوەکانی حەلەب ڕایگەیاند کە پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات. تەنانەت محەممەد بن زاید بە تەلەفوون وتووێژی لە گەڵ ئەسەددا کرد، بەڵام لە پشتەوە درێژەی بە پیلانەکەی لە دژی ناوبراو دەدا و بۆ هەڵگرتنی گوشارەکانیش مەرجی ڕیگریی لە بەهێزبوون و کاریگەری ئێران و کشانەوەی ئەم وڵاتە و گرووپە پەیوەندیدارەکانی لە سوریا خستبووەڕوو.
لومۆند ڕایگەیاندووە کە نزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی بە سەرکردایەتی ئیمارات لە سوریا بە ئامانجی دوورخستنەوەی لە ئێران بووە، بەڵام بەشار ئەسەد ئەو داوایەی بە تەواوی جێبەجێ نەکرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەگەرچی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد ڕووخاوە بەڵام ئیمارات ڕێگا بە گرووپە توندڕەوەکان لە سوریا نادات و ئەم گرووپانە بە هەڕەشە لە سەر داهاتووی ئەم وڵاتە دەزانێت.
لومۆند ڕایگەیاندووە کە دوو ڕۆژ پێش کەوتنی دیمەشق، ئیمارات لە پەیوەندییەکدا لە گەڵ بەشار ئەسەد پێشنیاری دۆزینەوەی ڕێگایەکی پارێزراوی بۆ دەست لە کار کێشانەوە کردبوو کە ناوبراو ئەم پێشنیارەشی ڕەتکردبووە.
ئیمارات بەڵێنی وەبەرهێنانی 24 ملیار دۆلاریی لە ئابوری سوریا بە بەشار ئەسەد دابوو تا بوژانەوەیەک لە کەرتی ئابوری و قەیراناویی ئەم وڵاتەدا ڕوو بدات، ئەو بەڵێنەش وەک بەڵێنەکانی دیکەی ئیمارات بۆ بەشار ئەسەد، هیج کات نەبووە کردار./.









