بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردووی سوریا، هۆشداریی لە سەر چالاککردنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان دا و جەختی لە سەر پێویستی هەنگاوی هاوبەش و هاوئاهەنگی زیاتر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دیاردەی تیرۆر کردەوە.
ناوبراو وێڕای ئیدانەکردنی هەموو جۆرەکانی تیرۆریزم، جموجوڵی ڕۆژانی ڕابردووی گرووپە تیرۆریستییەکانی بە پیلانێکی هاوبەشی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە ناو برد و جەختی لە سەر پێویستی ووشیاری و هاوئاهەنگی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت وڵاتانی دراوسێی سوریا لە پێناو پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانە مەترسیدارە کردەوە.
بەقایی ڕایگەیاند کە بە پێی ڕێکەوتنەکانی نێوان ئێران، ڕووسیا و تورکیا وەک سێ وڵاتی پارێزەری ڕەوتی ئاستانە، ناوچەکانی حەلەب و ئیدلب بە ناوچەی کەمتر ئاڵۆز دادەنرێن و هێرشی گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئەم ناوچانە، پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێکەوتنەکانی ڕەوتی ئاستانەیە و دەسکەوتە ئەرێنییەکانی ئەم ڕەوتەش ڕوبەڕوی مەترسی جیدی دەکاتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وەبیرهێنانەوەی ئەرکی هاوبەشی جیهانی بۆ ڕێگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، هۆشداریدا کە هەر کەمتەرخەمییەک لە بەرامبەر جموجوڵی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا، سەرجەم دەسکەوتەکانی ساڵانی ڕابردووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم ڕوبەڕوی مەترسی دەکاتەوە و ناوچەکەش دەباتەوە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری./.