بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لە گەڵ ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا جەختیکردەوە کە ئێران هەموو کات خوازیاری ناوچەیەکی سەقامگیر و بە دوور لە شەڕ و ئاڵۆزی بووە و پێشوازیی لە ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان کردووە.
ناوبراو وتی: ئێمە تەنانەت لە کاتی تیرۆری نامرۆڤانەی شەهید ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، بە بەڵێنی ئاگربەستی سەرکردەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە هیوای ڕێگری لە کوژرانی مرۆڤە زوڵملێکراو و بێ تاوانەکانی غەززە، ماوەیەک پشوودرێژیمان هەڵبژارد بەڵام زایۆنیستەکان بە چڕکردنەوەی بۆردومانەکان و تاوان لە غەززە و پەرەپێدانی بۆ لوبنان ئەوەیان پیشاندا کە پابەندی هیچ چوارچێوەیەکی مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکان نین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە کە تاران پێشوازی لە هەر پێشنیارێک بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەکات.
پزیشکیان هەروەها هەڵوێستی ئەم دواییەی حکومەتی فەرەنسای بۆ ئیدانەکردنی کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە لوبنان و ڕاگرتنی ناردنی چەک بۆ ئەو ڕژێمەی بە ئەرێنی ناو برد./.