محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق، لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی، بە ئاماژە بە تیرۆری ژمارەیەک لە سەرکردە و فەرماندەکانی بەرەی خۆڕاگری بە تایبەت شەهیدان ئیسماعیل هەنیە و سەید حەسەن نەسروڵڵا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، وتی: لایەنەکانی خۆڕاگری بەسراوەی کەسەکان نین و بە هێزەوە درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن و کێشەی وڵاتانی ڕۆژئاواش ئەوەیە کە لە ئایدۆلۆژیای زاڵ بە سەر ئەم لایەنانەدا تێناگەن.
دەقی وتووێژی جام کوردی لە گەڵ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە درێژەدا هاتووە:
وەک بەڕێزتان ئاگادارن، ناوچەکە بە بەردەوامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و دەسدرێژییەکانی سەر لوبنان پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار. لە پێگەی باڵاترین دیپلۆماتکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراقدا داهاتووی ئەم گۆڕانکارییانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ڕژێمی زایۆنیستی قەوارەیەکی نایاسایی و ساختەیە کە لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە زیاتر لە حەفتا ساڵە لە ناوچەکەدا پێکهێنراوە و وەک چۆن حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) پێناسەیان کردووە، وەرەمێکی شێرپەنجەییە لە سەر جەستەی جیهانی ئیسلام. ناوچەکەی ئێمە ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژییە و سەرچاوەی زۆری وزەی هەیە، هەر بۆیە بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی ئەوەیە کە ئەم ناوچەیە بەردەوام لە جۆرێک لە ناسەقامگیری و ئاڵۆزیدا بێت. بەم هۆیەوە سیاسەتی شەڕەنگێزیی ڕژێمی زایۆنیستی دەبینین و بەردەوامە لە پیلانگێڕییەکەی کە بە ناوی لە نیلەوە تا فۆرات هەوڵی بۆ دەدات. لە بەرامبەردا گەلێکی زوڵملێکراو هەیە کە هەست دەکات مافە ڕەوا و یاساییەکانی پێشێلکراوە، گەلی فەڵەستین بۆ ئازادی خاک و وڵاتەکەیان خەبات دەکەن و هەوڵی ئازادکردنی قودسی پیرۆز و سەرجەم ناوچە داگیرکراوەکان دەدەن. لە چەندین قۆناغدا ئەم خەباتە بە ڕاپەڕینی بەرد ناسراو بووە، واتە فەڵەستینییەکان بە سادەترین ئامراز کە بەرد بووە، بەرگرییان لە خاکی خۆیان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ گۆڕانکاری زۆر بەدیهاتووە و خەباتی فەڵەستینییەکان لە بەردەوە گەیشتووەتە چەکە پێشکەوتووەکانی وەک مووشەک و جۆرەکانی دیکە، دەبینین کە تێکۆشەرانی فەڵەستینی جۆرەکانی پێشکەوتووی مووشەک و درۆن و چەک و تەکنۆلۆژیای دیکە لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی بەکار دێنن. بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا کە خەباتێکی ڕەوا و مافخوازی بووە، بە جیدی هەستی بە مەترسییەکی جیدی لە سەر قەوارەی زایۆنیستی کرد، هەر بۆیە هێرشێکی دڕندانەی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد. لەو پێناوەشدا چەندین ئامانجی وەک ئازادکردنی دیلەکان و لەناوبردنی بزوتنەوەی حەماسی بۆ خۆی دیاریکرد کە پاش ساڵێک بۆی مسۆگەر نەبووە. ناوبراو هەوڵی پەرەپێدانی ئەم شەڕەی داوە تا بە جۆرێک کۆماری ئیسلامی ئێران بهێنێتە ناو شەڕەکەوە و ئەمریکاش ناچار بە دەستێوەردان ببێت. نتانیاهۆ لەم پێناوەدا لە تیرۆری شەهید ئیسماعیل هەنیە دەسدرێژیی کردە سەر خاکی ئێران و هێرشی کردە سەر لوبنان. لە دۆسیەی تیرۆری شەهید هەنیە کە میوانی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیان لە سەر تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدە کردەوە. بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکییەکان بەردەوام ڕایاندەگەیاند کە ئێمە هەوڵی ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە دەدەین و ئێوە دانبەخۆتاندا بگرن، دوو مانگ یارییان بەم دۆخەوە کرد بەڵام دەرفەتێکی زیاتریان بە ڕژێمی زایۆنیستی و نتانیاهۆی تاوانبار دا کە زیاتر خەڵکی بێ تاوانی غەززە بە تایبەت ژنان و منداڵان کۆمەڵکوژ بکات. کاتێک کە شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا تیرۆر کرا، ئەو پشوودرێژییە ستراتیژییەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی هات و وەڵامێکی بەهێزی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێگای ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی 2 درایەوە. من پێشتر لە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ میدیا عێراقییەکان و لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەم وەڵامدانەوەیە وتم کە ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی یەک، نمایشی هێزی ئێران بووە و ئۆپەراسیۆنی دووەم جێبەجێکردنی ئەو هێزە دەبێت. هەمووان ئەم ڕاستییەیان بینی. هەر بۆیە پێم وایە کە ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی ڕوبەڕوی وەڵامێکی بەهێز و کاریگەر نەکرێتەوە، درێژە بە تاوانەکانی خۆی دەدات. هیوادارین کە هەستی بەم زەنگی مەترسییە کردبێت و هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بگەنە ئاگربەست و گەیشتنی ناوچەکە بە ئاشتی.
پاش تیرۆری شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمی زایۆنیستی، لایەنەکانی نزیک لە ئەمریکییەکان لە عێراق باسی کۆتایی خۆڕاگرییان لە ناوچەکە کردووە. یەک ساڵ بە سەر ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای بزوتنەوەی حەماس تێپەڕ بووە، ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی 2 ی کۆماری ئیسلامی ئێران تا چەندە دەتوانێت ڕۆڵی لە بەهێزبوونەوەی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا هەبێت؟
ئۆپەراسیۆنی مووشەکیی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی 2 هیوایەکی بە لایەنەکانی خۆڕاگری داوە کە ڕژێمی زایۆنیستی لاواز و بێ بنەمایە و بە ئاسانی زیانی پێدەگات. لە شەڕی حزبوڵڵا و ڕژێمی زایۆنیستیدا بینرا کە مووشەکەکانی ئەم بزوتنەوەیە چۆن گەیشتنە حەیفا و تەل ئەبیب. تەنانەت بزوتنەوەی حەماس کە یەک ساڵە لە شەڕ و خۆڕاگریدایە، هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین و ئەمەش هیوایەکی بۆ لایەنەکانی خۆڕاگری گەڕاندووەتەوە و ورەی ئەوانی بەرز کردووەتەوە. هێرشە درۆنییەکان لە یەمەن و عێراقەوە هەر بەم شێوەیە کاریگەری هەبووە. نتانیاهۆی تاوانبار لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی لە حەوت بەرەدا شەڕ دەکات. بە واتایەکی دیکە ئەم ڕژێمە هەست بە گەمارۆیەکی توند دەکات و تا ئێستاش پشتیوانییەکانی ئەمریکایە کە ئەم ڕژێمەی هێشتووەتەوە، بە پێچەوانەی ئەمەوە زووتر لەناوچوونی ڕژێمی داگیرکارمان دەبینی.
لە یەک ساڵی ڕابردوودا گرووپەکانی خۆڕاگریی عێراق ڕۆڵی بەرچاویان لە پشتیوانیکردنی خەڵکی زوڵملێکراوی غەززەدا هەبووە. ڕژێمی زایۆنیستی هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەم گرووپانەی کردووە. ئایا ئەم ڕژێمە ناپاکە دەتوانێت لە پێناو لاوازکردنی خۆڕاگریی عێراق هەنگاو هەڵبگرێت؟
ڕژێمی زایۆنیستی دوژمنە و دوژمن درێژە بە کردەوەکانی خۆی دەدات بەڵام ئەو ئامادەییەی کە لە بەرەی خۆڕاگری، لە حەماسەوە لە فەڵەستین تا دەگاتە حزبوڵڵا لە لوبنان و یەمەن و عێراق، گورزی کوشندەیان لە سەر جەستەی لاوازی ڕژێمی زایۆنیستی وەشاندووە. کێشەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی ئەوەیە کە لە ئایدۆلۆژیای زاڵ بە سەر لایەنەکانی خۆڕاگریدا تێناگەن، ئەوان وا دەزانن کە خۆڕاگری بەسراوەی کەسەکانە و بە تیرۆرکردنیان لەناو دەچن، بەڵام بینرا کە بە شەهیدبوونی سەید عەباس موسەوی، سەید حەسەن نەسروڵڵا چۆن حزبوڵڵای لوبنانی بەو ڕادەیە لە هێز و کاریگەری گەیاند. ئەگەر بۆ ساڵی 1982 بگەڕێینەوە، ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی سێ رۆژدا گەیشتە دەروازەکانی بەیروت، ئەمڕۆ سەید حەسەن نەسروڵڵا بە جەستە لە نێو ئێمەدا نییە بەڵام ڕۆحی ئەم شەهیدە ماوەتەوە و خەباتی تێکۆشەرانی حزبوڵڵا لەم ماوەیەدا ڕێگریی لە پێشڕەوی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرەی وشکانیدا کردووە. تەنانەت زانیاری ئەوە هەیە کە بە هۆی دژواری شەڕی وشکانی و زیانەکانی ڕژێمی داگیرکار، ڕەنگە پێداچوونەوە بە سەر درێژەپێدانی ئەم شەڕەدا بکات. زیانەکان هێندە زۆرن کە ڕژێمی زایۆنیستی بە کۆپتەر تەرمی سەربازەکانی دەگوازێتەوە و بە سەرشۆڕی ناوچەکە بەجێدێڵن.
ڕۆڵی ئەمریکا لە ئەگەری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خۆڕاگریی عێراق چۆن دەبێت؟
لۆبی زایۆنیستی ڕۆڵی جیدیی لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی ئەمریکادا هەیە، تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا. لە لایەکی دیکەوە ئیرادەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەوەیە کە ناوچەکەی ئێمە بەردەوام لە ئاڵۆزیدا بێت تا بتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن. وڵاتانی ڕۆژئاوا هەوڵ دەدەن بە فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بە وڵاتانی ناوچەکە، بوونی خۆیان دەستەبەر بکەن. پێشتر وتم کە ئەگەر پشتیوانییەکانی ئەمریکا نەبێت ڕژێمی زایۆنیستی لە قۆناغەکانی ڕابردوودا شکستی گەورە و زیاتری دەبینی. لە یەک ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 50 هەزار تەن چەک و تەقەمەنی لە لایەن ئەمریکاوە دراوەتە ڕژێمی زایۆنیستی. ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی بەم شێوە دڕندانەیە درێژە بە شەڕ دەدات بە هۆی پشتیوانییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، بەڵام هێزی خۆڕاگری بە پێی بەڵێنە خوداییەکانە و سەرکەوتنی کۆتایی بۆ خەڵکی ناوچەکە و لایەنەکانی خۆڕاگری دەبێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانێکی سەرکەوتوویان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو. ئەم سەردانە لە هەرێمی کوردستان کاردانەوەی ئەرێنی کۆمەڵایەتی هەبووە. بۆ بەدیهاتنی ئەنجامەکانی ئەم سەردانە پێویستە چی بکرێت؟
پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ عێراقی ناوەند و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی مێژوویی و بە پێی هاوبەشییەکی زۆری کەلتوری، ئایینی، مێژوویی و تەنانەت بەرژەوەندی ئەمنییە. ئێران لە شەڕی دژ بە داعش ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگری لە بەرگریی عێراق و پیرۆزییەکانیدا هەبووە. سنورێکی دوور و درێژی هاوبەشی 1450 کیلۆمەتری لە نێوان ئێران و عێراق وایکردووە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە لە لوتکەدا بێت. بە پێی ئامارێک کە خوێندوومەتەوە، لە سەدا 30 ی دانیشتووانی عێراق لە ناوچە سنورییەکانی ئەم وڵاتەن لە گەڵ ئێران. ئەمەش تێکەڵاوییەکی لە گەڵ دانیشتووانی ناوچە سنورییەکانی ئێران درووست کردووە و ئەم پەیوەندییانە تەنانەت لە سەردەمی شەڕی سەپێندراوی سەدام لە دژی گەلانی هەر دوو وڵات نەپچڕا و بەردەوام بوو. ساڵانە 8 تا 9 ملیۆن زیارەتکار لە نێوان ئێران و عێراق هاتووچۆ دەکەن و هێمای ڕوونی ئەمەش زیارەتی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) یان ئەربەعینە کە ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێرانی ساڵانە سەردانی شارە پیرۆزەکانی عێراق دەکەن. لە لایەکی دیکەوە عێراقییەکان بۆ زیارەت، گەشتوگوزار و کاروباری تەندرووستی و پزیشکی سەردانی ئێران دەکەن. سەردانی بەرپرسانیش ئەم پەیوەندییانەی پتەو و زیاتر کردووە. لە ئێستادا زیاتر لە 60 هەزار خوێندکاری عێراقی لە زانکۆکانی ئێراندا درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن. پەیوەندییە کەلتورییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیش لە لوتکەدایە. بەرپرسانی عێراقی بەردەوام سەردانی ئێران دەکەن. سەرۆک وەزیران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چوار سەردانی بۆ ئێران هەبووە، سەرۆک کۆماریش دوو جار سەردانی کردووە. لە لایەکی دیکەوە بڕیار بوو شەهید ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەردانی عێراق بکات کە شەهیدبوونیان ڕێگای بەو سەردانە نەدا و بەڕێز دکتۆر پزیشکیان عێراقی وەک یەکەم وێستگەی سەردانەکانی دەرەوەی خۆی هەڵبژارد و ئەمەش پیشاندەری قووڵایی پەویەندییە سیاسی، ئابوری، کەلتوری، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە. پاش سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ عێراق، هەوڵێکی جیدی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق بە تایبەت لە بواری ئابوریدا هەبووە.
ئەمریکییەکان لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا هەوڵیان داوە پەیوەندی مێژوویی کوردانی عێراق لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لاواز بکەن بەڵام سەردانەکەی سەرۆک کۆمار پزیشکیان هەموو ئەو هەوڵانەی ڕوبەڕوی شکست کردەوە. پێویستییەکانی پاراستنی ئەم پەیوەندییە مێژووییە بە بۆچوونی بەڕێزتان چییە؟
دیپلۆماسی گشتی بەڕێز مەسعود پزیشکیان کاریگەری زۆری هەبوو، ئەو دۆستایەتییەی لە نێوان هەر دوو لادا هەبوو، قسەکردنی سەرۆک کۆمار بە زمانی کوردی و ئەو پێشوازییە گەرمەی لە بەڕێزیان کرا و …… هەموو پیشاندەری پەیوەندییەکی گەرم و مێژوویی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان یان دوو گەلی ئێران و کوردە. بوونی بارزانییەکان لە ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر، پەیوەندییەکانی مام جەلال لە گەڵ بەرپرسانی ئێرانی و پەیوەندی پتەوی کەلتوری، ئابوری و کۆمەڵایەتی لە نێوان هەر دوولا، بەستێنی کەڵک وەرگرتنی لەم سەردانانە دابین کردووە. بەڵام کێشەیەک کە لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆ پرسی ئەمنی دەگەڕێتەوە و ئەویش بوونی گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامییە کە ماوە ماوە هەوڵ دەدەن دژی کۆماری ئیسلامی ئێران چالاکی بکەن. لە ئێستادا بە پێی ڕێکەوتنی ئەمنی لە نێوان تاران – بەغدا و هەولێر، چاوەڕوان دەکرێت بە جیدی بەدواداچوون بۆ ئەم پرسەش بکرێت و پابەندبوونەکان سەبارەت بە چەککردن، نیشتەجێکردن لە کەمپەکان و سنوردارکردنی چالاکی ئەو گرووپانە، جێبەجێ بکرێت. هیوادارین بەرپرسانی حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان هەوڵی جیدی بۆ کۆتایی هێنان بەم کێشانە بدەن و ئێمە سنوری دۆستایەتی لە نێوان هەر دوو وڵات ببینین و هیچ نیگەرانییەک لەم بوارەدا نەمێنێت./.










