بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەعفەر قەنادباشی شارەزا لە کاروباری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وتووێژێکدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە بە تایبەت شەڕی سەپێندراوی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی لوبنان، وتی: زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دژی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان هەڵوێستیان هەبووە و تەنیا ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستییە کە هەوڵی ئاڵۆزترکردنی ڕەوشی ناوچەکە دەدات، لە ئێستادا ئەستەمە ئاستی ئاڵۆزییەکان بەرزتر ببێتەوە، مەگەر ئەوەی کە زایۆنیستەکان بە تاوانی زیاتر بەستێنی وەڵامدانەوەی توندی بەرەی خۆڕاگری دابین بکەن.
ناوبراو وتی: بنیامین نتانیاهۆ هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەمریکا پەلکێشی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، لە حاڵەتێکی وەهادا ئەگەر ئەمریکا وەک بریکاری ڕژێمی زایۆنیستی بچێتە شەڕی وڵات یان لایەنەکانی ناوچەکەوە، بە دڵنیاییەوە کە ناوچەکە مەترسی شەڕێکی گەورەی لە سەر دەبێت، بەڵام هەلومەرجی ئێستا بۆ ئەمریکا وەها نییە کە بیەوێت شەڕی وەها بکات، خاڵی گرنگ ئەوەیە کە دۆخی سیاسی ناوچەکەش موڵەتی ئەوە بە ئەمریکا نادات ئەوەندە گوێڕایەڵی زایۆنیستەکان بێت.
قەنادباشی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە دانیشتووانی شارۆچکەکان بگەڕێنەوە و گوشارەکان لە سەر بەرەی باکوری فەڵەستینی داگیرکراو کەمتر بێت بەڵام سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان ئەوەی ڕەتکردووەتەوە کە تا کۆتایی شەڕی غەززە، واز لە پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین بێنێت. لە بەر ئەوەی کە شەڕی غەززە تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکی بۆ زایۆنیستەکان نەبووە، ئەستەمە بە ئاسانی واز لەم شەڕە بێنن، لە بەر ئەوەی کە هیچ ئامانجێکی ئەو ڕژێمە لە شەڕی یەک ساڵەی غەززەدا بەدینەهاتووە.
ڕاشیگەیاند کە حزبوڵڵای لوبنان توانایەکی زۆر باشی بە تایبەت لە بواری مووشەکیدا هەیە بەڵام نایەوێت لەم قۆناغەدا کەڵک لە تەواوی توانا سەربازی و مووشەکییەکەی لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی وەربگرێت. لەو بڕوایەدام کە شەڕەکە وەها بەردەوام دەبێت و حزبوڵڵا جۆری مووشەکی یەکلاکەرەوەی هەیە کە چارەنووسی شەڕەکە و داهاتووی ڕژێمی زایۆنیستی دەگۆڕێت.
ئەو شارەزا سیاسییە وتی کە ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی دۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە ناتوانێت لە ئاستێکدا زیاتر بچێتە پێشەوە، ئەگەر مووشەکەکانی حزبوڵڵا بگەنە تەل ئەبیب، بە دڵنیاییەوە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ئەو ڕژێمە تووشی هەڵوەشانەوەیەکی جیدی دەبێت، لە بنەڕەتدا هۆکاری هێرشەکانی ئێستاش ئەو مووشەکەی ئەنساروڵڵای یەمەن بوو کە گەیشتە تەل ئەبیب و هاوکاری نێوان خۆڕاگریی یەمەن و عێراق لە گەڵ بەرەی غەززە و لوبنان بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ زایۆنیستەکان./.