جام کوردی:
پاش ڕاگه‌یاندنی یه‌حیا جامه، سه‌رۆک کۆماری گامبیا، ئه‌م وڵاته به فه‌رمی بوو به کۆماری ئیسلامی. ناوبراو ئامانجه‌که‌شی بۆ دوورکه‌وتنه‌وه له پێشینه‌ی داگیرکاری گامبیا گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، بابه‌تێک که به هۆی ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌م وڵاته له گه‌ڵ ڕۆژئاوا له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو، چاوه‌ڕوان کراو بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، هێشتا ورده‌کاری گۆڕانکاری له پێکهاته‌ی حکومه‌تی گامبیا چه‌ندان ڕوون نه‌بووه‌وته‌وه. به‌م پێیه‌ش، گامبیا به په‌یوه‌ست بوون به وڵاتانێک وه‌ک ئێران، پاکستان، موریتانی و ئه‌فغانستان، پێنجه‌م وڵاته که ده‌سته‌واژه‌ی کۆماری ئیسلامی بۆ حکومه‌ته‌که‌ی به کار دێنێت.
ڕۆژنامه‌ی گاردیه‌ن له ڕاپۆرتێکدا ئاماژه‌ی به لێدوانه‌کانی یه‌حیا جامه داوه که ڕایگه‌یاندووه: ” من به هۆی شووناس و پیرۆزییه‌کانی مه‌زهه‌بی وڵات، گامبیا وه‌ک کۆماری ئیسلامی ڕاده‌گه‌ێنم. به هۆی ئه‌وه‌ی که زۆرینه‌ی دانیشتووانی وڵات موسڵمانن، گامبیا ناتوانێت له سه‌ر شێوازی ڕابردووی داگیرکاری خۆی به‌رده‌وام بێت “. له سه‌دا 95ی حه‌شیمه‌تی یه‌ک ملیۆن و 800 هه‌زار که‌سی گامبیا موسڵمانن. جامه جه‌ختی کردووه‌ته‌وه که بوونی حکومه‌تی گامبیا به کۆماری ئیسلامی به مانای سنورداربوونی چالاکی لایه‌نگرانی ئائینه‌کانی دیکه نابێت.
شایانی ئاماژه‌یه، پێشتریش له ساڵی 2013، جامه چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌یی له کۆمه‌ڵه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانی به‌ریتانیا ڕاگه‌یاند و ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ی به شێوازێکی نوێی داگیرکاری و چه‌وسانه‌وه ناو برد. به گشتی، سه‌ره‌ڕای په‌یوه‌ندی به‌هێزی بازرگانی نێوان گامبیا و به‌ریتانیا و وڵاتانی دیکه‌ی ئه‌ورووپی، په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌م وڵاته له گه‌ڵ ڕۆژئاوا له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو ڕووی له ئاڵۆزبوون کردووه.
گامبیا، وڵاتێک له ڕۆژئاوای ئه‌فریقا که زۆرینه‌ی پانتایی سنوره‌کانی له لایه‌ن وڵاتی سنێگاله‌وه داگیر کراوه و به‌شێکی بچووک له که‌ناراوه‌کانی ئه‌م وڵاته له به‌شی ڕۆژئاوا به ئۆقیانووسی ئه‌تڵه‌س گرێ دراوه. ڕووباری گامبیا که ناوی ئه‌م وڵاته له سه‌ر ئه‌و ڕووباره وه‌رگیراوه، له گامبیاوه تێپه‌ڕ ده‌بێت و ده‌ڕژێته ئۆقیانووسی ئه‌تڵه‌س. پانتایی گامبیا زیاتر له 10689 کیلۆمه‌تری چوار گۆشه و ڕێژه‌ی دانیشتووانه‌که‌ی به پێی دوایین سه‌رژمێری ساڵی 2013، 1882450 که‌س ده‌بێت. پایته‌ختی ئه‌م وڵاته شاری بانجوڵ و شاره‌کانی سرێکۆندا و بریکاما به گه‌وره‌ترین شاره‌کانی داده‌نرێن.
گامبیا سه‌باره‌ت به پێشینه‌ی مێژوویی، هاوبه‌شی زۆری له گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئه‌فریقا هه‌یه که ئه‌م هاوبه‌شییه به تایبه‌ت بۆ بازرگانی کۆیله‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌م وڵاته له سه‌ره‌تادا له لایه‌ن پۆرتۆغاڵه‌وه داگیر کرا و پاش له ساڵی 1765 بوو به به‌شێک له ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانیا. گامبیا له ساڵی 1965 سه‌ربه‌خۆیی به ده‌ست هێنا. له‌و کاته‌وه تا ئێستا، دوو که‌س ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌یان به‌ڕێوه بردووه، داودا جاوارا له ساڵی 1970 تا 1994 و پاشان له کوده‌تایه‌کی سه‌ربازیدا، یه‌حیا جامه که پله‌دارێکی سوپا بوو، شوێنی ناوبراوی گرتووه‌ته‌وه.
ئابوری گامبیا به گشتی له سه‌ر کشتووکاڵ، ڕاوه ماسی و به تایبه‌ت گه‌شتیاری ڕاوه‌ستاوه. به پێی ڕاپۆرتی دامه‌زراوه‌کانی ئابوری جیهان، یه‌ک له سه‌ر سێی دانیشتووانی گامبیا له ژێر هێڵێ هه‌ژاری نێوده‌وڵه‌تیدان. وه‌ک چۆن ئاماژه‌ی پێ دراوه، ئه‌م وڵاته په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزی ئابوریی له گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ورووپی هه‌یه، هه‌ر چه‌نده له ساڵانی ڕابردوو، هه‌ندێک له وڵاتانی ڕۆژئاوا، هاوکارییه ئابورییه‌کانیان له گه‌ڵ ئه‌م وڵاته ئه‌فریقییه سنوردار کردووه.