بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنار عوبەیدی ڕایگەیاندووە کە هەناردەی چین بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ بە ڕێژەی لە سەدا 16.17 گەشەی بە خۆوە بینیوە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2023، هەروەها بە ڕێژەی لە سەدا 12.17 بەراورد بە نیوەی دووەمی ساڵی ڕابردووش بەرز بووەتەوە.
بەهای هەناردەی چین بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 گەیشتووەتە 8 ملیار و 150 ملیۆن دۆلار. لە کاتێکدا کە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023 دا 7 ملیار دۆلار بووە و لە نیوەی دووەمی ساڵی 2023 نزیکەی 7 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە.
مەنار عوبەیدی ڕایگەیاندووە کە هەناردەی چین بۆ عێراق لە ماوەی ساڵی 2024 دا بەربەستی 16 ملیار دۆلار تێپەڕ دەکات کە بەرزترین ژمارەی مێژووییە تا ئێستا.
ڕاشیگەیاندووە کە هەناەردەی چین زیاتر ئامێرە میکانییەکان لە خۆ دەگرێت کە لە سەدا 23 ی کۆی هەناردەکردن لە خۆ دەگرێت. دواتر هەناردەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان وەک مۆبایل و تەلەفزیۆن کە لە سەدا 13 ی پێکدەهێنێت، بۆ یەکەم جاریش ئۆتۆمبێلی چینی لە پلەی سێهەمدا هاتووە بە ڕێژەی لە سەدا 6 ی کۆی گشتی هەناردەکردن بۆ عێراق.
ئەو شارەزا ئابورییەی عێراق ڕایگەیاندووە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ چین لە کۆتایی ساڵی 2024 بگاتە زیاتر لە 55 ملیار دۆلار، بەمەش چین دەبێتە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی عێراق./.