جام کوردی:
ئێران و تورکیا دوو وڵاتی دراوسێی به‌هێز و کاریگه‌ری ناوچه‌که و جیهانی ئیسلامن. په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته مێژوویه‌کی کۆنی هه‌یه و پێویست به هاوکاری نێوانیان به تایبه‌ت له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا ده‌کات. له لایه‌که‌وه هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی هاوبه‌ش وای کردووه که تاران و ئه‌نکه‌ره به ناچاری ڕوو له هاوکاری بکه‌ن. له ئێستادا تورکیا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین قه‌یرانی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی بووه‌ته‌وه. قه‌یرانی سیاسی ناوخۆیی تورکیا له لایه‌که‌وه و کێشه‌کانی ناوچه‌که به تایبه‌ت له گه‌ڵ کوردان، سوریا و داعش له لایه‌کی دیکه‌وه، ئه‌م وڵاته‌ی ڕووبه‌ڕووی کێشه و گرفتی زۆر کردووه‌ته‌وه. له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا ئه‌نکه‌ره له لایه‌ن ڕووسیاوه به هاوکاری گرووپی تیرۆریستی داعش به تایبه‌ت له بواری نه‌وتیدا تاوانبار کراوه، بابه‌تیک که بووه‌ته‌وه هۆی ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌م دوو وڵاته تووشی قه‌یرانێکی جیدی ببێته‌وه.
به‌رپرسانی حکومه‌تی ڕووسیا ڕایانگه‌یاندووه به‌ڵگه‌ی وایان له به‌ر ده‌ستدایه که کڕینی نه‌وتی داعش له لایه‌ن تورکیاوه ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌نکه‌ره سه‌رجه‌م ئه‌م تۆمه‌تانه‌ی ڕه‌ت کردووه‌ته‌وه و ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا ڕایگه‌یاندووه که ئه‌گه‌ر مۆسکۆ ئه‌م به‌ڵگانه‌ی بسه‌لمێنێت واز له پۆسته‌که‌ی دێنێت. له درێژه‌شدا داوای کردووه که ئه‌گه‌ر تێوه‌گلانی وڵاته‌که‌ی له کڕینی نه‌وتی داعش پشتڕاست نه‌کرایه‌وه، پێویسته پوتین ده‌ست له کار بکێشێته‌وه. پێ ده‌چێت ئێران له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ ئه‌م کێشه‌یه، سیاسه‌تی بێ لایه‌نی خۆی بپارێزێت و یان وه‌ک وڵاتێکی دراوسێی دوو لایه‌نی کێشه‌که واته ڕووسیا و تورکیا، ڕۆڵی نێوه‌ندگێڕ بگێڕێت. به‌ڵام کاتێک که یه‌کێک له به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایده‌گه‌ێنێت که تاران به‌ڵگه‌ی کڕینی نه‌وتی داعشی له لایه‌ن تورکیاوه له به‌ر ده‌ست دایه، پزووسکه‌ی ئاڵۆزییه‌کان لێ ده‌درێت. به پێی بڕیاری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، کڕینی نه‌وتی ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی گرووپی تیرۆریستی داعش قه‌ده‌غه‌یه و هه‌ر وڵاتێک له‌م دۆسیه‌دا تێوه‌گلاو بێت، ڕووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه ده‌بێته‌وه. هه‌ر بۆیه ئه‌ردۆغان ڕایگه‌یاندووه که وه‌ها کرده‌وه‌یه‌ک له ئارادا نه‌بووه. له ئێستادا و له وه‌ها هه‌ل و مه‌رجێکدا، یه‌کێک له به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران که پله و پۆستی سیاسی و سه‌ربازیشی هه‌یه، ڕایده‌گه‌ێنێت که ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان به‌ڵگه‌ی له به‌ر ده‌ستدا نییه، ئێمه به‌ڵگه‌مان هه‌یه. ئه‌م لێدوانه‌ش به مانای چوونه‌وه ناوی ئێران بۆ کێشه‌ی ڕووسیا – تورکیایه. هه‌ر بۆیه ئاساییه که تورکیا سه‌باره‌ت به‌م لێدوانه‌ی به‌رپرسێکی باڵای ئێران کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت. ئه‌نکه‌ره ده‌یه‌وێت بزانێت که ئێران له کێشه‌ی نێوان تورکیا و ڕووسیا له کوێ دایه؟ پێ ده‌چێت پێویست به‌وه بکات که تاران به هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگی، خۆی له‌م کێشه‌یه به دوور بگرێت، له به‌ر ئه‌وه‌ی که کێشه‌ی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌وه به ته‌نیا له لایه‌ن خۆیانه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
ئێران و تورکیا په‌یوه‌ندی ئابوری به‌هێزیان پێکه‌وه هه‌یه. له ئێستادا تورکیا کڕیاری نه‌وتی ئێرانه و هێڵی گازی تورکه‌مه‌نستان بۆ تورکیا له ڕێگای ئێرانه‌وه تێپه‌ڕ ده‌بێت. له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا پێویست به‌وه ده‌کات چۆنیه‌تی لێدوانی به‌رپرسان له به‌رچاو بگیردرێت. ئه‌گه‌رچی دیار نییه که هۆشداری ئه‌ردۆغان به سه‌رۆک کۆماری ئێران چی بووه، به‌ڵام وه‌ها خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت که پێویسته ئێران له کێشه‌ی نێوان ئه‌نکه‌ره و مۆسکۆ ده‌ستێوه‌ردانی نه‌بێت.
خاڵێکی دیکه ئه‌وه‌یه که پێویسته بزانین لێدوانه‌کانی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا سه‌باره‌ت به وتووێژی نێوان دوو سه‌رۆک کۆمار، هه‌ڵوێستی فه‌رمی ئه‌و وڵاته‌یه یان لێدوانێکی که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی تورکیایه. له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌مان بابه‌ت بۆ به‌رپرسانی ئێرانیش پێویست به ڕوونکردنه‌وه ده‌کات، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ڕوون نه‌بوونی پێگه‌ی لێدوانه‌کان، بابه‌ته‌که به پێچه‌وانه‌وه پیشان ده‌دات. تورکیا هه‌ست به‌وه ده‌کات که لێدوانی به‌رپرسێکی ئێرانی، هه‌ڵوێستی فه‌رمی ئه‌م وڵاته‌یه و هه‌ر بۆیه کاردانه‌وه‌شی هه‌بووه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، کاردانه‌وه‌ی توندی تورکیا و ئه‌ردۆغان و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، ده‌رکه‌وته‌ی ئه‌و کێشه و قه‌یرانانه‌یه که به‌رۆکی تورکیای گرتووه‌ته‌وه. پرسی ئاواره‌کانی سوریا، هاوسنوربوون له گه‌ڵ سوریا که به ئاڵۆزترین وڵاتی جیهان له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا داده‌نرێت، کێشه‌ی داعش و چه‌ندین خاڵی دیکه که سه‌رجه‌میان له سنوری تورکیا ڕوو ده‌دات. تورکیا له ئێران وه‌ک وڵاتێکی دراوسێ به مێژوویه‌کی دێرینی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوانیان و ئه‌ندامێکی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی که چه‌ندین ڕێکه‌وتننامه‌ی ستراتژیکیان پێکه‌وه هه‌یه، چاوه‌ڕوانی هه‌یه. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به مانای به‌رگری له لێدوان و هه‌ڵوێستی نابه‌رپرسانه‌ی کاربه‌ده‌ستانی تورکیا نییه. ئێران وه‌ک کاراکته‌رێکی گرنگی ناوچه‌که نیگه‌رانی ئاسایشی نیشتمانی خۆیه‌تی و ئاساییه به‌رامبه‌ر به‌وه‌ی که له چوارده‌وری ڕوو ده‌دات کاردانه‌وه‌ی هه‌بێت. له ئێستادا له سوریا وڵاتانی زلهێز له پرۆسه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش به‌شدارییان هه‌یه. به‌م هۆیه‌شه‌وه له ناوچه‌یه‌کی پڕ کێشه و به‌ره‌ی وه‌ک ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، تاران سه‌باره‌ت به ئه‌من و سه‌قامگیری خۆی هه‌ست به نیگه‌رانی ده‌کات. به‌ڵام هه‌ل و مه‌رجی دژواری ناوچه‌که، پێویست به هاوکاری نێوان وڵاتانی دراوسێ ده‌کات نه‌ک سیاسه‌تی ئهردۆغانیسم که بێ گومان داهاتوویه‌کی مه‌ترسیداری به‌دواوه ده‌بێت.