بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان لە وەڵامی پەیوەندییەکی تەلەفوونیی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس، وێڕای ئیدانەکردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە، وتی: تاوانی لەو شێوەیە پیشاندەری ئیرادە و پیلانی ڕژێمی زایۆنیستییە بۆ کۆمەڵکوژکردنی گەلی فەڵەستین و لەناوبردنی ورەی ئەم گەلە قارەمانە، بەڵام بە یارمەتی خودای گەورە پیلانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی تووشی شکست دەبێت.
پزیشکیان وتی: پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەلی فەڵەستین ئەنجامی پابەندبوونە بە ئامۆژەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، بەها مرۆیی و ئەخلاقییەکان و هەروەها ڕێنماییەکانی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی.
ناوبراو وتی: حکومەتەکەم پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین وەک کارێکی لەپێشینەی خۆی دادەنێت وەک سەرەکیترین پرسی ئێستای جیهانی ئیسلام و هەوڵ دەدەین بە هاوکاری وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و دراوسێ، بە کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم توانا سیاسی و دیپلۆماسییەکان، شەڕی غەززە و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەرامبەر بە خەڵکی ئەم ناوچەیە و فەڵەستین بە گشتی ڕابگرین.
ڕاشیگەیاند کە داهاتووی غەززە دەبێت لە لایەن خەڵکی فەڵەستین و لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی فەڵەستینی – فەڵەستینی دا دیاری بکرێت و بە بێ ڕەچاوکردنی ئەم ڕاستییە، هەر پلان و دەستپێشخەرییەک تووشی شکست دەبێت./.