بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەمال خەڕازی لە وتووێژێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی هێرشێکی هەمەلایەنەی بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان هەبێت، ڕووبەڕووی مەترسی شەڕێکی ناوچەیی دەبێتەوە کە تێیدا تاران و بەرەی خۆڕاگری بە هەموو هێزێکەوە پشتیوانی لە حزبوڵڵا دەکەن.
ناوبراو ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران خوازیاری شەڕێکی ناوچەیی نییە و داوای لە ئەمریکاش کرد وەک هاوپەیمانی سەرەکی ڕژێمی زایۆنیستی، هەوڵەکانی بۆ ڕێگری لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕە بخاتەگەڕ.
خەڕازی وتی: ئەگەری پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ شەڕێکی هەمەلایەنە بوونی هەیە کە سەرجەم وڵاتان بە تایبەت ئێران تێیدا بەشدار دەبن و لە وەها دۆخێکدا تاران هیچ بژاردەیەکی بەدەر لە پشتیوانیکردنی حزبوڵڵا نابێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێران هەروەها ڕایگەیاند کە پەرەسەندنی شەڕ لە بەرژەوەندی هیچ کەس و لایەنێک، نە ئێران و نە ئەمریکا نابێت./.