بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی بێ تاوانی غەززە پێی ناوەتە نۆیەم مانگی خۆی و ڕژێمە بەکرێگیراوەکانی عەرەبیش هیچ هەنگاوێکیان بۆ پشتیوانی لە گەلی برا و موسڵمانی فەڵەستین هەڵنەگرتووە و تەنانەت درێژە بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان لە گەڵ ئەو ڕژێمە دەدەن، خۆڕاگری یەمەن گورزی کوشندەی لە داگیرکارانی زایۆنیست وەشاندووە.
لە کاتێکدا کە هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە هەڕەشەی جیدی لە سەر کەشتییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، زیانێکی زۆری ئابورییان بە سەر ئەو ڕژێمەدا سەپاندووە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ڕووی سەربازی و داراییەوە پشتیوانی تەل ئەبیب دەکەن بۆ کوشتاری زیاتری فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە.
پشتیوانی بێسنوری وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کوشتاری خەڵکی غەززە تەنیا لە لایەن ئەو وڵاتانەوە نەبووە، لە بەر ئەوەی کە بەڵگە فەرمییەکان دەسەلمێنێت کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە بواری مافی مرۆڤ و هاوکارییە مرۆییەکان بەشدارییان لە پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی و دژایەتی هەر وڵاتێکدا کردووە کە بە جۆرێک پشتیوانیی بۆ فەڵەستینییەکان دەربڕیوە.
بڕیارەکەی بەرنامەی جیهانیی خۆراکی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی دانیشتووانی باکوری یەمەن ئەم بابەتە دەسەلمێنێت.
ئەیلولی ڕابردوو بوو کە بەرنامەی جیهانیی خۆراک ڕایگەیاند ناچارە هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان کە زیاتر یارمەتی خۆراکییە بۆ یەمەنییەکان کەم بکاتەوە. ئەم دامەزراوەی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بیانووی ئەوەی هێنایەوە کە پارەی کەمتری لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دەستکەوتووە کە هاوکاری دامەزراوەکە دەکەن و لەم ڕووەشەوە بودجەی پێویستی بۆ دابینکردنی خۆراکی خەڵکی هەژاری یەمەن نییە.
بڕیارەکەی بەرنامەی جیهانیی خۆراک بۆ حکومەتی ڕزگاری نیشتمانیی یەمەن لە سەنعا جێی سەرسوڕمان بوو، لە بەر ئەوەی کە بەرپرسانی ئەو حکومەتە جەختیانکردەوە بودجەی دامەزراوەکە زیاترە لەو هاوکارییە کە بە یەمەنییەکان دەدرێت، داواکەی سەنعا بۆ پێداچوونەوە بە سەر بڕیارەکەی بەرنامەی جیهانیی خۆراک نەگەیشتە ئەنجام.
بەرنامەی جیهانیی خۆراکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پاساوی کەمبوونی بودجە، هاوکارییەکانی بۆ یەمەن ڕاگرتووە، بەڵام زانیارییەکان بە بەڵگەوە ئەوە دەسەلمێنن کە ئامانج لە ڕاگرتنی هاوکارییەکان سیاسییە و لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە پشتیوانییەکانی حکومەتی سەنعا و ئەنساروڵڵای یەمەن بۆ گەلی فەڵەستینەوە هەیە.
ڕاپۆرتە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە بودجەی بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە ساڵی 2022 زیاتر لە یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا کە ئەم دامەزراوەیە ساڵی ڕابردوو بە هیچ شێوازێک باسی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی نەکردبوو.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە بودجەی بەرنامەی جیهانیی خۆراک تەنیا لە 9 مانگی ساڵی 2023 زیاتر لە بودجەی تەواوی ساڵی 2022 بووە.
زانیارییە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە تا کۆتایی مانگی ئەیلول بەرنامەی جیهانیی خۆراک زیاتر لە یەک ملیار و 160 ملیۆن دۆلار بودجەی هەبووە بەڵام ڕایگەیاندووە کە بە هۆی کەمی بودجەوە هاوکارییەکانی بۆ خەڵکی یەمەن ڕادەگرێت.
سەرچاوەیەک کە وەک هاوبەشی بازرگانی بەرنامەی جیهانیی خۆراک لە یەمەن چالاکی دەکات، ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی بەرنامەی جیهانیی خۆراک بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی یەمەن، زیانی بە سەدان هەزار خێزان گەیاندووە و ئەوان ڕوبەڕوی برسێتی دەکاتەوە، لە کاتێکدا کە هەر ئێستاش بە هەزاران تەن ماندە خۆراکییەکان لە کۆگاکانی ئەو دامەزراوەیە و هاوبەشە بازرگانییەکانیدا هەیە.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی بەرنامەی جیهانیی خۆراک تەنیا ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سەنعای گرتووەتەوە و هاوکارییەکان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هاوپەیمانی سعوودیە و ئیمارات بەردەوامە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە محەممەد عەلی عوسی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن لە نامەیەکدا بۆ بەرنامەی جیهانیی خۆراک ڕایگەیاندبوو کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێدانی پارەی نەختێنەیی دەتوانێت هاوکاری خەڵکی یەمەن بکات تا ئەوان پێداویستییەکانی خۆیان بۆ دابینکردنی خۆراک بکڕن.
ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردن و هاوئاهەنگی کاروباری مرۆیی و هاوکاری نێودەوڵەتی یەمەن ڕایگەیاندووە کە بەرنامەی جیهانیی خۆراک بەرپرسی لێکەوتە مرۆییەکانی بڕیاری ڕاگرتنی هاوکارییەکانە بۆ گەلی ئەم وڵاتە و ئەم بڕیارەش لە ژێر گوشاری ئەمریکییەکان و بە هۆی پشتیوانی یەمەنییەکان لە گەلی فەڵەستین و دژایەتیکردنی ڕژێمی زایۆنیستی بووە.
لێرەدایە کە دیسانەوە ڕۆڵی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی تاوانە دژە مرۆییەکان بە تایبەت لە بەرامبەر گەلانی خۆڕاگر ئاشکراتر دەبێت. واشنتن گوشاری لە سەر بەرنامەی جیهانیی خۆراک داناوە تا وەک کارتێکی گوشار لە دژی سەنعا، هاوکارییە خۆراکییەکان بۆ خەڵکی ناوچەکانی باکوری یەمەن ڕابگرێت.
ئەمریکا لێرەشدا وەک زایۆنیستەکان وا بیر دەکەنەوە کە بە گەمارۆدانی گەلی خۆڕاگری یەمەن وەک دانیشتووانی غەززە، دەتوانن ئەوان لە شەڕ و دژایەتیکردنی تەل ئەبیب پاشگەز بکەنەوە. بەڵان گەلی یەمەن ئەوەیان سەلماندووە کە وەک چۆن لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوو دژ بە هاوپەیمانی سعوودیە و ئیمارات لە گەڵ سەرکردەکانی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا مانەتەوە، ئەمجارەش ڕژێمی زایۆنیستی تا ڕاگرتنی شەڕی غەززە لە لایەن درۆن و مووشەکەکانی خۆڕاگری یەمەنەوە دەکرێتە ئامانج و گەرووی بابولمەندەب بۆ بازرگانیی داگیرکارانی زایۆنیست هیچ کات پارێزراو نابێت./.