بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەبەرهێنان و هەناردەی نەوتی ئێران بەردەوام کاریگەری ڕاستەوخۆی لە هەلومەرجی سیاسی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە. لە ڕاستیدا هەر کات کە گوشاری سزا و گەمارۆکان کەم بووەتەوە، ئێران ئەو دەرفەتەی هەبووە تا هەناردەی نەوتی خۆی زیاتر بکات. لە بەرامبەردا هەر کات کارتی گەمارۆکان بەهێزتر بووە، وەبەرهێنان و هەناردەی نەوتی سنوردار کردووە.
بەڵام لە هەمان ڕۆژانی سەرەتایی کابینەی سێزدەیەم بە سەرۆکایەتی شەهید ئایەتوڵڵا ڕەئیسی، سەرەڕای هەبوونی هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەر بنەمای مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵات بە تایبەت لە پرۆژە گەورەکانی پیشەسازی نەوت، چاوەڕوانی بیانییەکان نەبوو و ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە سەرەڕای گەیشتنی سزاکانی کەرتی نەوتی بە ژمارەی 600، وەبەرهێنان و هەناردەی نەوت ڕووی لە زیادبوون کرد.
لە ئێستادا هەناردەی نەوت و بەرهەمە پەیوەندیدارەکانی ئێران لە کاتی زیاتربوونی گوشار و گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە لە ئابی 2018 ەوە، گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. ماڵپەڕە جیهانییەکانی تایبەت بە کەرتی نەوت و غاز ڕایانگەیاندووە کە هەناردەی نەوت و بەرهەمە پەیوەندیدارەکانی ئێران لە سەدا 9 ی کۆی گشتی نەوتی خاو و بەرهەمە پەیوەندیدارەکانی ئۆپێک لە خۆ دەگرێت.
ئێران لە مانگی کانوونی دووەم تا ئایاری 2024 ڕۆژانە یەک ملیۆن و 560 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە 250 هەزار بەرمیل لە هەناردەی کوێت و نایجڕیا زیاترە و بەمەش پێگەی ئێرانی بۆ پلەی چوارەمین گەورە هەناردەکاری ڕێکخراوی ئۆپێک بەرز کردووەتەوە.
سەرەڕای بوونی سزا و گەمارۆکان، ئێران هەناردەی نەوت و بەرهەمە پەیوەندیدارەکانی لە مانگ ئایاری 2024 دا گەیاندووەتە ڕۆژانە یەک ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل کە بەرزترین ڕێژەی هەناردەی نەوتی خاوە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا.
بەرزبوونەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوتی ئێران، بەرزبوونەوەی ڕێژەی داواکاری نەوتی چین و گەورەتربوونی تۆڕی گواستنەوەی نەوتی ئێران لە گرنگترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە بووە.
ئەم دۆخەش بووەتە هۆی زیاتربوونی داهاتە نەوتییەکان و بە پێی نوێترین ئاماری گومرک، ئێران داهاتە نەوتییەکانی گەیاندووەتە زیاتر لە 36 ملیار دۆلاری ساڵانە./.