بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باقری وێڕای دەستخۆشی لە بەشداری شاندەکەی تورکیا لە نۆزدەیەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەندام لە کۆڕبەندی وتووێژی هاریکاری ئاسیا لە تاران، بە ئاماژە بە تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە دژی خەڵکی غەززە، وتی: هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی لوبنان، بەردەوامی تاوانەکانە لە دژی خەڵکی غەززە و پیشاندەری ڕواڵەتی ڕاستەقینە و دڕندانەی زایۆنیستەکانە. لە هەمان کاتدا خۆڕاگری لە لوبنان ئامادەیی تەواوی بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەیە و لە ئەگەری هەر هەڵەیەک، خۆڕاگری تێچوویەکی زۆر بە سەر داگیرکاراندا دەسەپێنێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت وتی: وەک چۆن کە زایۆنیستەکان لە پاش 9 مانگ توانای گەڕانەوەیان بۆ دۆخی پێش 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 نییە، دەبێت بزانن کە هەر هەڵەیەکی نوێی ئەوان لە لوبنان، هەلومەرجێکی نوێ لە ناوچەکە لە زیانی زایۆنیستەکان دێنێتە پێشەوە و بە کوشتار و تاوان ناتوانن شکستە ستراتیژییەکەی خۆیان قەرەبوو بکەنەوە.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیاش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا وێڕای ستایشکردنی گرنگیدانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پرسی فەڵەستین و ڕەخنەی لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، وتی: کۆمەڵکوژی لە غەززە بەردەوامە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە لاوازی دەرکەوتووە.
ناوبراو وتی کە سیاسەتی ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوامی و پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکە و هاوکاری تاران و ئەنکەرە ڕۆڵی گرنگی لە پرسی فەڵەستین و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا دەبێت./.