بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شازادە خالید بن سەلمان وەزیری بەرگری سعوودیە لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ پەکین (25 ی حوزەیرانی 2024) لە گەڵ ژنڕاڵ لی شانگفۆ وەزیری بەرگری چین کۆبووە. خالید بن سەلمان لەو سەردانەدا لە گەڵ جێگری کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی شیوعی کۆبووەوە و سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
ئەو کۆبوونەوە لە ڕووی سەربازییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە، لە بەر ئەوەی کە ڕیاز و پەکین لە دەیەی 80 ی زایینییەوە پەیوەندییەکی سەربازیی پتەویان پێکەوە هەبووە. چین لە ساڵی 1988 و لە هەلومەرجێکدا کە هێشتا هەر دوو وڵات پەیوەندییە فەرمی و دیپلۆماسییەکانیان دەستپێنەکردبوو، مووشەکە دوورهاوێژە سێ هەزار کیلۆمەترییەکەی بە ناوی فەنگ 3 ی بە سعوودیە دا کە بە سەرەتایەک بۆ هاوکارییە سەربازییەکانی هەر دوو وڵات دادەنرا.
سعوودیە لە ساڵی 2007 مووشەکی دانگ فەنگ 21 ی لە چین کڕی کە بە هۆی تایبەتمەندییەکان و توانای 1700 کیلۆمەتری لە سیستەمی سەربازیی سعوودیەدا گرنگییەکی زۆری هەیە. چینییەکان بەدەر لەوەش لە ساڵی 2017 ەوە لە بواری درۆندا هاوکارییان لە گەڵ سعوودیە زیاتر کردووە و پێداویستییەکانی لەم بوارەدا دابین دەکەن.
چەندین ڕاپۆرتیش بڵاو بووەتەوە کە باس لەوە دەکەن سعوودیە نیازی کڕینی مووشەکی سەروی دەنگی YJ-21 ی لە چین هەیە و سەردانەکەی خالید بن سەلمانیش پەیوەندی بەو بابەتەوە هەیە.
پێشتریش کەناڵی CNN ڕایگەیاندبوو کە پەکین و ڕیاز سەبارەت بە درووستکردنی مووشەک هاوکاری دەکەن و چینییەکان لە خاکی سعوودیەدا کارگەی درووستکردنی مووشەکی بالستییان کردووەتەوە.
چین و سعوودیە لە ساڵی 2006 ڕێکەوتنی ئەمنییان واژۆ کردووە و لە ساڵی 2023 لە سەردانەکەی شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین بۆ ڕیاز ڕێکەوتننامەی هاوکاری ستراتیژی لە نێوانیاندا واژۆ کراوە کە پەرەپێدانی هاوکارییە ئەمنی و سەربازییەکان یەکێک لە بڕگەکانی ئەو ڕێکەوتنەیە.
سەبارەت بە مەشق و ڕاهێنان و مانۆڕە سەربازییەکانیش هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووی لە گەشەسەندن کردووە و چەندین مانۆڕی هاوبەشی سەربازی بە تایبەت مانۆڕی شمشێری شین لە ساڵی 2023 جێبەجێ کرا.
سەرەڕای ئەمەش نابێت سەردانەکەی خالید بن سەلمان وەک کەسی ژمارە 3 ی سعوودیە بە تەنیا لە هاوکارییە سەربازییەکانی ڕیاز – پەکین دا کورت بکرێتەوە و ڕەهەندە سیاسییەکانی ئەو سەردانەش بەرچاوە.
لە ڕاستیدا سەردانەکەی وەزیری بەرگری سعوودیە گرنگییەکەی ئەوەیە کە ڕیاز سەرقاڵی دانوستانی تایبەت بە واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی ستراتیژییە لە گەڵ ئەمریکا، ڕێکەوتنێک کە لە بواری ئەمنی و سەربازیدا دەکرێت. بە پێی ئەوەی کە شەڕی غەززە کاریگەری کردووەتە سەر دانوستانەکانی نێوان سعوودیە و ئەمریکا و تا ڕادەیەک بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکاندا نییە، هەندێک شارەزای سیاسی دەڵێن کە سەردانەکەی شازادە خالید بن سەلمان بە مەبەستی گوشارخستنە سەر واشنتن بووە.
دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و سعوودیە لە یەک ساڵی ڕابردوو سەبارەت بە واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی ستراتیژی دەستیپێکردووە بەڵام بە هۆی نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان داواکارییەکانی هەر دوو وڵات تەواو نەکراوە. سعوودیە چاوەڕوانی ئەوە دەکات ئەمریکا ڕێکەوتنێکی هاوشێوەی ئەوەی ژاپۆن و کۆریای باشوری لە گەڵدا واژۆ بکات و لە هەر هێرشێکی دەرەکیدا ڕاستەوخۆ لە لایەن واشنتنەوە پشتیوانی بکرێت.
سعوودیە هەرەوەها داوای ئەوەیکردووە کە بەربەستەکانی کڕینی چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا وەک فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 35 هەڵبگیرێت و لە هەمووش گرنگتر موڵەتی هەبوونی وزەی ناوەکی یان هەمان پیتاندنی یورانیۆم وەربگرێت.
ئەمریکاش وێڕای هەموارکردنەوەی داواکارییەکانی سعوودیە، داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تەل ئەبیبی کردووە.
لەم ڕووەشەوە سەردانەکەی خالید بن سەلمان بۆ پەکین، پیشاندەری دەستی کراوەی سعوودیە بۆ هەڵبژاردنی هاوبەشە ستراتیژییەکانە. لە ساڵانی ڕابردوودا سعوودیە پەرەی بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ چین داوە و لە بەرامبەردا ئەمریکاش نیگەرانی خۆیی لەم دۆخە نەشاردووەتەوە. ئەمریکا هەوڵی سنوردارکردنی پەیوەندییەکان سعوودیە و چین دەدات و دەبێت چاوەڕوان بین کە لە ئەگەری گەڕانەوەی دوناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵاتی ئەمریکا، سعوودیە چۆن کۆنتڕۆڵی گوشارەکانی ئەو وڵاتە دەکات./.