بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا لە پەیامێکدا بۆ ” کۆنگرەی شەهیدانی بەرگری پیرۆز و بەرەی خۆڕاگری ” لە شاری مەشهدی ئێران، جەختیکردەوە: ئێمە بە خوێنی خۆمان لە بەرامبەر زاڵمان و ستەمکارانی جیهان وەستاوین و شەهیدانی بەشەرەفمان هاوکات گەیشتوونەتە فەزڵی سەرکەوتن و شەهیدبوون. ئێمە شانازی بە شەهیدان و بەوەی کە بەختیان کردووە، دەکەین و هەروەها شانازی بە سەبر و پشوودرێژیی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانمان دەکەین.
ناوبراو ڕایگەیاند: فەڵەستین لە کەرتی غەززە و فەڵەستینی داگیرکراو سەرەڕای بەخشینی دەیان هەزار شەهید و بریندار لە گەڵ ئاوارەیی، برسێتی، گەمارۆ و کۆمەڵکوژی، درێژەیان بە خۆڕاگری داوە، بەرەکانی خۆڕاگریش بە تایبەت لە یەمەن، لوبنان و عێراق واز لە پشتیوانیکردنی ئەوان ناهێنن.
سەید حەسەن نەسروڵڵا جەختیکردەوە: دەرەنجامی خۆڕاگری بەدەر لە ئازادی فەڵەستین لە داگیرکاریی زایۆنیستەکان و ئازادی تەواوی ناوچەکەی ئێمە لە ستەمکاری ئەمریکییەکان نابێت.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند: ئەڵبەت ئەم سەرکەوتنە پێویستی بە کار و هەوڵ و خەباتی بەردەوام هەیە، ئەگەرچی کاتی دەوێت بەڵام ئێمە لە بەڵێنی خودای گەورە سەبارەت بە سەرکەوتنی ئیمانداران دڵنیاین و لە هەمان کاتدا دەبێت یەکگرتوو بین و کەسێک نابێت گومانی لەم هەموو گیانفیداییە هەبێت یان لاواز بێت و هەوڵەکانی ڕابگرێت.
سەید حەسەن نەسروڵڵا ڕایگەیاند: ئێمە گەلی زوڵملێکراوی ئەم ناوچەین کە لە لایەن شەیتانی گەورە و زایۆنیستەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر و لەم کاتە هەستیارەدا دەرفەتێکی گەورەی خودایی کە هەمان کۆماری پیرۆزی ئیسلامی ئێرانە، بە ئێمە دراوە، دەسەڵاتێکی پیرۆز، خەڵکێکی خۆبەخش و بوونی ڕێبەرێکی زانا، بوێر و پاک، ئیمام خامنەیی./.