بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە هەموو تەمەنێکدا پێویستە چاودێری هاوسەنگی ئاو لە جەستەدا بکرێت بۆ ئەوەی لە وشکبوونەوە دوور بکەوێتەوە، چونکە کەمی ئاو لە جەستەدا دەبێتە هۆی دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەندرووستی.
کەمی ئاو لە جەستەدا ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشک و دڵ زیاد دەکات چونکە کەمبوونەوەی ئاو لە جەستەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی مەینی خوێن، هەر بۆیە ئەو کەسانەی بەدەست نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە دەناڵێنن دەبێت گرنگی بە هاوسەنگی ئاو لە جەستەیان بدەن.
نیشانەکانی کەمی ئاو لە جەستەدا بریتین لە ماندویەتی و لاوازی و سەرئێشە، هەروەها دەتوانرێت کەمی ئاو لە جەستەدا بە ڕەنگی میز دیاری بکرێت.
بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی ئاو لە جەستەدا، دەتوانیت هەر خواردنەوەیەک بخۆیتەوە، وەک چا و شەربەت، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە شەربەتەکان ڕێژەیەکی بەرزی شەکریان تێدایە، واتە ئەمە باشترین بژاردە نییە، بەتایبەتی ئەگەر کەسەکە تووشی نەخۆشی شەکرە یان قەڵەوی بووبێت، ئەگەر کەسێک ویستی قاوە بخواتەوە پێویستە ئاگاداری ئەوە بێت کە پێویستە کوپێک ئاو لە گەڵ کوپێک قاوە بخواتەوە بۆ ئەوەی جەستەی بە دوور بێت لە وشکبوونەوە.
پلەی گەرمی ئەو ئاوەی دەیخۆینەوە گرنگە، چونکە ئاوی سارد بە هێواشی لە لایەن جەستەوە هەڵدەمژرێت، لە کاتێکدا ئاوی گەرم بە خێرایی هەڵدەمژرێت./.