بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” عەبدولڕەزا فەرەجی ڕاد “ دیپلۆماتکاری پێشووی ئێران سەبارەت بەو بڕیارەی حکومەتی کەنەدا ڕایگەیاند: ماوەیەکە هەندێک لە نەیاران لە کەنەدا هەوڵی بە تیرۆریستی ناساندنی سوپای پاسدارانیان دەدا، لە لایەکی دیکەوە حکومەتی کەنەدا پاش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە ویستی وەهای هەبوو تا هەنگاوی لەو شێوەیە بگرێتەبەر، هەر بۆیە بەشە ئەمنییەکانی کەنەدا پلانی وەهایان هەبوو بەڵام لە بەشی سیاسیدا هەندێک تێبینی هەبوو کە زۆر خوازیاری وەها بڕیارێک نەبوون.
ناوبراو وتی: لە ئاکامدا بەو گوشارانەی کە ڕوبەڕوی بەشی سیاسەتی دەرەوە و وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا کرا، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیان خستە لیستی تیرۆرەوە. پێم وایە کە بەم هەنگاوەی کەنەدا پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران تووشی کێشە دەبێت، لە بەر ئەوەی کە کەنەدا سزای بە سەر سوپا و هێزی چەکداری فەرمی وڵاتێکی سەربەخۆدا سەپاندووە و بە دڵنیاییەوە ناتوانێت وەک ڕابردوو درێژە بە پەیوەندییەکانی بدات.
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئێران وتی: ئێران وەڵامی بڕیارەکەی کەنەدا دەداتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لێرە بە دوا کێشەکانی هەر دوو وڵات زیاتر ببێت.
فەرەجی ڕاد بە ئاماژە بە ئامانجەکانی حکومەتی کەنەدا لە دەرکردنی وەها بڕیارێک وتی: ئەگەر کەنەدا چاوەڕوان دەکات وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت وڵاتانی ئەورووپی وەها بڕیارێک دەربکەن و پێشوازی لە بڕیارەکەی بکەن، وەها ڕوو نادات، لە بەر ئەوەی کە وڵاتانی ئەورووپی لە ڕووی جوگرافییەوە لە ئێران نزیکن و لە سەر ئاستی ناوچەکەش هەندێک پەیوەندی دیپلۆماسی و تەنانەت لە پەیوەندی لە گەڵ سوپای پاسداراندا هەیە و ئەگەر بڕیاری هاوشێوەی بڕیارەکەی کەنەدا دەربکەن، کەلێنە ناوخۆییەکانی ئەوان زیاتر دەبێت.
وتیشی کە وڵاتانی ئەورووپی بە تاک بڕیاری وەها نادەن و ئەگەر شتی وەها ڕوو بدات پێکەوە بە کۆمەڵ و تەنانەت بە بەشداری بەریتانیاش ئەوە دەکرێت./.