بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حزبوڵڵای لوبنان وەک پشتیوانییەک بۆ گەلی فەڵەستین، هێرشەکانی لە دژی سوپای داگیرکاری زایۆنیستی زیاتر کردووە و تا ئێستاش زیانێکی زۆری بە هێزەکانی ئەو سوپایە گەیاندووە.
یەک ڕۆژ پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023، حزبوڵڵای لوبنان بە فەرمی و بۆ پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین بە تایبەت دانیشتووانی غەززە، هێرشەکانی لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی دەستپێکرد.
ڕۆژنامەی ئەمریکی فۆرن پۆلیسی ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری هەر هەڵەیەکی ڕژێمی زایۆنیستی لە لوبنان، ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینیش خوێنین دەبن و حزبوڵڵا زۆر بەهێزترە لە حەماس و لە ڕووی سەربازیییەوە پڕچەکترە.
مایکل ئورن باڵیۆزی پێشووی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ” حەماس لە ڕووی تەکتیک و حزبوڵڵا لە ڕووی ستراتیژییەوە هەڕەشە لە تەل ئەبیب دەکەن. ئاماری وەها لە بەر دەستە کە حزبوڵڵا دەتوانێت لە ماوەی سێ ڕۆژدا کارەساتێکی گەورە لە دژی ئیسرائیل بخوڵقێنێت، سەبارەت بە لەناوچوونی تەواوی ژێرخانی پێویست، پاڵاوگەکانی نەوت و بنکە سەربازییە ئاسمانییەکان “.
فۆرن پۆلیسی بە ئاماژە بە هێز و کاریگەری حزبوڵڵا جەختی لەوە کردووەتەوە کە حزبوڵڵا وەک حەماس تۆڕێکی تونێلەکانی لە ژێر لوبناندا درووست کردووە کە هەندێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن زۆر گەورەتر و بەرفراوانترە لە تونێلەکانی حەماس لە کەرتی غەززە./.