بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمە یەکەم سەردانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیایە بۆ کۆریای باکور لە پاش دوو دەیە. ئەمەش ڕووداوێکی کەم وێنەی دەرەوەیە بۆ پوتین کە بەم دواییانە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕووسیا سەرکەوتنی بە دەست هێنا و بۆ جاری پێنجەم دەسەڵاتی وڵاتەکەیی بە دەستەوە گرتووە.
پوتین لە میانەی سەردانەکەی مانگی ڕابردووی خۆی بۆ چین لە گەڵ شی جین پینگ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووە و هەر دوو لا جەختیان لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە و گرنگتر لە هەمووش سەرکۆنەی سیاسەتەکانی ئەمریکایان کرد.
پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و پیۆنگ یانگ بە هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤییەت ڕوبەڕوی کێشە بوویەوە بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا دیسانەوە چەند هاوبەشییەک ئەو پەیوەندییانەی پتەو کردووەتەوە.
پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە پاش سەردانەوکەی سەرۆکی کۆریای باکور بۆ ڕووسیا لە ئەیلولی 2023 و کۆبوونەوەی لە گەڵ پوتین ڕووی لە گەشەسەندن کرد. کیم پێشتریش سەردانی هاوشێوەی هەبووە بەڵام سەردانەکەی ساڵی ڕابردوو، یەکەم کۆبوونەوەی لە گەڵ پوتین لە پاش دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا بووە.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا و سەرۆکی کۆریای باکور (ڤلادیمیر پوتین و کیم جونگ ئون) چەندین بنکە و ناوەندی گرنگی سەربازییان بەسەرکردەوە و لە سەر بەردەوامی دانوستانە سەربازییەکانی نێوان هەر دوو وڵات گەیشتنە ڕێکەوتن.
بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە زانیاری وەهایان لە بەردەستە کە پیشان دەدات ڕووسیا بۆ شەڕی ئۆکراینا کەڵکی لە چەک و کەرەستەی سەربازی کۆریای باکور بە تایبەت مووشەک وەرگرتووە.
پەیوەندییەکانی ڕووسیا و کۆریای باکور بووەتە کێشەیەکی جیدی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا.
ڕووسیا و کۆریای باکور بوونەتە بەشێک لەو هاوپەیمانییە گەورەیەی دژ بە وڵاستانی ڕۆژئاوا کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا بە شێوازی نافەرمی پێکهێنراوە./.