بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە درێژەی بەیاننامەکەی حەماسدا هاتووە کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانییەوە سەیری دوایین پێشنیاری ئاگربەست و سەرجەم پلانەکانی پێشوومان کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی دەستبەسەرکراوەکان.
حەماس ڕایگەیاندووە کە لە بەرامبەر وتارەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بەرواری 31 ی ئایاری 2024، هەڵوێستی ئەرێنیی گرتووەتەبەر، بەڵام لە بەرامبەردا کابینەی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بە سەرۆکایەتی بنیامین نتانیاهۆی تیرۆریست پێداگریی لە سەر بەردەوامی شەڕ و دژایەتی پێشنیارەکەی بایدن کردووە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە بانگەشەی ڕەزامەندیی لە سەر پێشنیارەکەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکرد.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی حەماسدا هاتووە کە ئەم بزوتنەوەیە پەیڕەوی لە بڕگەکانی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات سەبارەت بە ئاگربەستی هەمیشەیی لە کەرتی غەززە، کشانەوەی داگیرکاران لە ناوچەکە، ئاڵوگۆڕی دیلەکان، ئاوەدانکردنەوەی غەززە، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە و ئامادەیی خۆیی بۆ هاوکاری لە گەڵ دۆستانی ناوبژیوان بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە بواری جێبەجێکردنی ئەم بنەمایانە بە گوێرەی خواستی گەل و خۆڕاگری فەڵەستین دەربڕیوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا بزوتنەوەی حەماس جەختی لەوە کردووەتەوە کە خۆڕاگریی فەڵەستین لەم پێناوەدا داوا لە ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئیدارەی بایدن دەکات کە کابینەی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی کە بە پێشێلکردنی سەرجەم یاسا و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان، پێداگری لە سەر بەردەوامی شەڕ، کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی گەلی فەڵەستیند دەکات، ڕوبەڕوی گوشار بکاتەوە./.