بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دامەزراوەی ” العراق المستقبل ” ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی هەناردەی هیندستان بۆ عێراق لە نیسانی 2023 تا ئاداری 2024 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی لە ساڵی ڕابردوو، لە سەدا 24 بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.
کۆیئ گشتی هەناردەی هیندستان بۆ عێراق لە ماوەی ئاماژەپێدراودا گەیشتووەتە 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بووە.
هەناردەی برنجی هیندی بۆ عێراق بە بەهای 910 ملیۆن دۆلار بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی کە 392 ملیۆن دۆلار بووە، لە سەدا 131 بەرزبوونەوەی هەبووە.
هەناردەی گۆشتی هیندی بۆ عێراق لە سەدا 41.5 بەرزبوونەوەی هەبووە و گەیشتووەتە 329 ملیۆن دۆلار کە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 232 ملیۆن دۆلار بووە.
هەناردەی ئاسن لە سەدا 153، چا لە سەدا 141، میوە لە سەدا 114، جلوبەرگ لە سەدا 106 و هەروەها هەناردەی زەیتی گیایی هیندی بۆ عێراق لە هەمان ماوەدا لە سەدا 103 بەرزبوونەوەی هەبووە.
بەڵام هەناردەی شەکری هیندی بۆ عێراق لە ماوەی ئاماژەپێدراودا لە سەدا 85 دابەزینی تۆمار کردووە.
هیندستان لە پاش وڵاتانی ئیمارات، چین، تورکیا و ئێران، پێنجەم وڵاتی هەناردەکاری کاڵایە بۆ عێراق.
هیندستان لە پاش چین بە دووەم هاوردەکاری نەوتی عێراق هەژمار دەکرێت./.