بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەعیم قاسم لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی سی و پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) دامەزرێنەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە بەیروت، وتی: ئێران سەرکردایەتی بزوتنەوە ئازادیخوازەکان و بزوتنەوەکانی خۆڕاگری دەکات و تەواوی ئەرکی ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستیی کەوتووەتە سەر شان.
ناوبراو وتی: غەززە بە هەبوونی مافی سرووشتی لە سەر خاکی خۆی، بە خۆڕاگری و یەکڕیزی ئیسلامی کە لە ناوچەکە پەرەی سەندووە و بە یارمەتی خودای گەورە، سەرکەوتوو دەبێت.
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە کۆمەڵکوژیی منداڵان، ژنان و بێ تاوانەکانی غەززە، شکستی هێناوە و لە ئێستادا بە تەواوی لاواز بووە و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکەکەی بە تەواوی هەڵوەشاونەتەوە و لە ئاژاوەگێڕیدا دەژین.
نەعیم قاسم وتی: ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن حزبوڵڵای لوبنانەوە بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە و گەلی فەڵەستینە و ئەمەش تەنیا بە کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە، ڕادەگیرێت.
ناوبراو وتی: ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی بڕیاری بەرفراوانکردنی شەڕەکە بدات حزبوڵڵاش بە هەموو هێزێکەوە ڕوبەڕوی دەبێتەوە.
وتیشی کە ئەمریکا هەوڵی ڕاگرتنی شەڕی غەززە و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نادات و دەیەوێت دەسکەوتەکانی هەڵبژاردن و پێگەی نێودەوڵەتی خۆی بە دەست بێنێت./.