بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو بەیاننامە هاوبەشەدا لە بۆ یەکەم جارە لە لایەن سێ وڵات لە کۆبوونەوەی وەرزیی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی خراوەتەڕوو، هاتووە کە وڵاتانی ئێمە هەموو کات پشتیوانییان لە ڕێکەوتنی ناوەکی کردووە، ئێمە لە گەڵ لایەنەکانی دیکە، کات و هەوڵی خۆمان لەو دانوستانەدا تەرخان کردووە کە بووە هۆی واژۆکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی لە ساڵی 2015 و پاشان جێبەجێکردنی.
لەو بەیاننامە کە لە لایەن میخائیل ئولیانۆڤ باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی ڤیەننا خرایەڕوو، هاتووە کە لە ساڵی 2018 کە ئەمریکا بە شێوازی تاکلایانە و نایاسایی لە ڕێکەوتنی ناوەکی کشایەوە و گوشار و گەمارۆکانی لە سەر ئێران زیاتر کرد و بووە خاڵێکی وەرچەرخان لەم ڕێکەوتنەدا، هەڵوێست و پشتیوانییەکانی ئێمە لە ڕێکەوتنەکە بەردەوام بووە.
ئێران، چین و ڕووسیا بە ئاماژە بە هەوڵەکانیان بۆ بەردەوامبوونی ڕێکەوتنی ناوەکی، ڕایانگەیاندووە کە بڕگەکانی ئەم ڕێکەوتنە و بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەک خۆی ڕەوا و کاریگەرە و دەبێت وڵاتانی ڕۆژئاوا ئیرادەی سیاسی خۆیان پیشان بدەن و واز لە زیاترکردنی گوشارەکان و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە بێنن و هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی بخەنەگەڕ.
لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە هێشتا دەرفەتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ناوەکی بوونی هەیە و سێ وڵاتی ئێران، چین و ڕووسیا ئامادەیی تەواویان لەم پێناوەدا هەیە./.