بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ئیسماعیل قائانی لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهید لیوا محەممەد هادی حاجی ڕەحیمی فەرماندەی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئێران لە سوریا، وتی: کاتێک کە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا دەستیپێکرد، تەواوی شارەزایان و شرۆڤەکارانی سەربازی جیهان ڕایانگەیاند کە حەماس و خۆڕاگریی فەڵەستین تا دوو مانگ دەتوانن بەردەوام بن بەڵام ئەمڕۆ بەرەو هەشت مانگەی شەڕی غەززە دەچین و برایانی فەڵەستینی ڕایانگەیاندووە کە بە کەمێک گۆڕانکاری لە ڕووی سەربازییەوە دۆخی ئێستایان وەک سەرەتای دەستپێکردنی زریانی ئەقسایە.
ناوبراو بە ئاماژە بە وەڵامە سەربازییەکەی ئێران بۆ هێرشە تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە دیمەشق، وتی: ئەم ئۆپەراسیۆنە تایبەتمەندی خۆیی هەبوو، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی تەواوی هێزی خۆیان هێنایە پێشەوە، ناتۆ هاتە شەڕەکەوە و تەنیا لە دەریای ڕەش 8 کەشتی سەربازیی جێگیر کرد کە ڕێگری لە هێرشەکەی ئێران بکەن.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: لە شەوی هێرشەکەی ئێراندا زیاتر لە 200 فرۆکەی شەڕکەر تا کۆتاییەکەی لە ئاسمانی ناوچەکەدا بوون، بە دەیان سیستەمی بەرگریش هێنرانە پێشەوە تا ڕێگری لە هێرشە گەورەکەی ئێران بکەن.
لیوا قائانی وتی: ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆر بچووکتر لەوەن بتوانن لە بەرامبەر بەرەی خۆڕاگری ڕاوەستن، ئەمە درووشم نییە و بە کردەوە سەلمێندراوە و خۆیان دانیان بەمەدا ناوە.
ناوبراو وتی: لە هێرشەکەی ئێراندا (کە بە بەڵێنی ڕاستگۆیانە ناسراوە) هێندە نهێنی هەیە کە ساڵانێک دەبات شرۆڤەکاران و شارەزایانی کاروباری سەربازی، شرۆڤەی بکەن.
لیوا ئیسماعیل قائانی وتی: بەشێک لە سەرکردەکانی وڵاتانی ناوچەکە کە پشت بە ئەمریکا دەبەستن، کەمێک بیر لەوە بکەنەوە کە ئەمریکا تەنیا پشتیوان و پارێزەری ڕژێمی زایۆنیستییە./.