بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر هەڤین کەمال شامحەممەد بۆ ئەو کەسانەی ئازاری دەردەشایان هەیە خواردنی گێلاسی نواندووە.
ئەو کۆبوونەوەی مادەی یوریک ئەسید دەتوانرێت کەمبکرێتەوە لە ڕێگای بەکارهێنانی هەندێک دەرمانی گونجاو لە گەڵ ڕێکخستنی خۆراک و دوورکەوتنەوە لەو خواردنانەی کە مادەی پیورینی وەک گۆشتی سوور، جگەر، گورچیلە، یان ئەو خوردنانەی مادەی یوریک ئەسید زیاد دەکەن لە جەستەدا وەک هەندێک جۆری ماسی وەک سەردین، ڕۆبیان، یان هەندێک جۆری پەلەوەر وەک قەل یان هەندێک خواردنەوە وەک کحولەکان، خواردنەوە غازییەکان، هەروەها خواردنەوە درووستکراوەکان.
توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە کە خواردنی گێلاس یان خواردنەوەی شەربەتی گێلاس کاریگەری زۆر باشی لە سەر کەمکردنەوەی ڕێژەی یوریک ئەسید و نەهێشتنی دەردەشا هەیە.
توێژەرەکان ئەوەیان بینیوە ئەو کەسانەی گێلاسیان خواردووە، یان شەربەتی گێلاس، بە ڕێژەی لە سەدا 45 کەمتر تووشی دەردەشا بوون بەراورد بەوانەی نەیانخواردووە.
بۆ گیلاس کاریگەریی لە سەر کەمکردنەوەی ئازار هەیە؟
توێژەرەکان دەڵێن لە بەر ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە دژە هەوکەر و دژە ئۆکیسدی تێدایە بە ناوی ئەنتۆ سایەنین، هەروەها لە میوەی جۆری دیکەدا هەیە کە ڕەنگیان سووری تۆخە یان شین یان پەمەیی وەک بیرییەکان، بلو بیری، شلیک، هەروەها ڕێژەیەکی زۆریش ڤیتامین سی تێدایە کە بینراوە بە ڕێژەیەکی زۆر یوریک ئەسید کەم دەکاتەوە.
دەتوانیت سوود لە گێلاس ببینیت بە خواردنی قاپێکی مامناوەند ڕۆژانە یان بە شێوەی شەربەت دوو پەرداخ لە ڕۆژێکدا، یان بە شێوەی شیرینی وەک تارتی گێلاس کە جۆرێکە لە کێک، یان بە شێوەی حەب.
دووربکەرەوە لە شروبی گێلاس، یان ئەو خواردنە کحولیانەی گێلاس بە کار دەهێندرێت تیایاندا وەک براندی گێلاس، لە بەر ئەوەی ئەو شەکرە درووستکراوەی بەکار دەهێندرێت لە ئامادەکردنی ئەم جۆرە خواردنانەدا سوودی گێلاسەکە ناهێڵێت و زیانی زیاترە./.