بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موسا ئەبومەرزوق ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ کەناڵی العالم (کە لە لایەن جام کوردی وەرگێڕاوەتەوە)، ڕایگەیاند: خۆڕاگری فەڵەستین سەرەڕای دڕندەیی ڕژێمی زایۆنیستی بەهێز و لە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە و دوژمن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە شەڕی غەززە بە تەواوی شکستی هێناوە.
سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر دەمێننەوە
ناوبراو وتی: ئەو هەواڵانە لە سەر بەجێهێشتنی قەتەر لە لایەن سەرکردەکانی حەماسەوە بڵاو بووەتەوە، درۆیە و پڕوپاگەندەی میدیاکانی سەر بە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە تا کاریگەری لە سەر ڕەوتی دانوستانەکان دابنێن. سەرکردایەتی حەماس پێشتر لە ئەردەندا بووە و پاشان چوونەتە قەتەر و ئەوەش کە باس دەکرێت دەچنە سوریا، تورکیا یان وڵاتێکی دیکە، بە تەواوی درۆیە و بە مەبەستی گوشارخستنە سەر قەتەر بڵاو دەکرێتەوە.
ئەبومەرزوق وتی: هەموو ئەمانەش بۆ ئەوەیە کە هانی قەتەر بدەن گوشار لە سەر حەماس دابنێت و لە ڕەوتی دانوستانەکانی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی دیلەکان، ئیمتیاز لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بدات. زۆرینەی سەرکردەکانی حەماس لە خەڵکی ئەردەنن و پاسپۆرتی ئەو وڵاتەیان هەیە، هەر بۆیە هەموو ئەو هەواڵانە درۆ و پڕوپاگەندەی میدیاکانی ڕۆژئاوا و زایۆنیستەکانە. سەرەتا ئەمریکا گوشاری لە سەر قەتەر دانا کە پێشوازی لە سەرکردەکانی حەماس بکات، ئەگەر گوشارەکانی ئەمریکا نەبێت سەرکردەکانی حەماس بۆ شوێنی یەکەمی خۆیان واتە ئەردەن دەگەڕێنەوە و هیچ کێشەیەک لە نێوان ئێمە و قەتەرییەکاندا نییە.
حەماس شەڕێکی جیهانی دەکات
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە ئەم بزوتنەوەیە سەرقاڵی شەڕێکی جیهانییە لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕژێمی زایۆنیستی، سەرەڕای ئەمەش خۆڕاگری بە هەموو هێزێکەوە درێژە بە خەباتی خۆی دەدات و ئاسۆیەکی ڕوونیش لەم بوارەدا بەدی دەکات.
موسا ئەبومەرزوق وتی: چارەنووسی شەڕی غەززە لە لایەن خۆڕاگرییەوە یەکلایی دەکرێتەوە نە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی کە وایاندەزانی لە ماوەی یەک هەفتەدا حەماس و لایەنەکانی دیکەی خۆڕاگری لە ناو دەبەن.
ناوبراو وتی: ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی سەرەتا ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت حەماس و کەتیبەکانی قەسام لە ناو ببەن، دیلەکانی زایۆنیست ئازاد بکەن و حکومەتێکی بەسراوەی خۆیان لە کەرتی غەززە ڕابگەێنن، بەڵام هیچ یەک لەو ئامانجانە لە پاش شەش مانگ مسۆگەر نەبووە و نابێت. تەنانەت لە سەر بەڕێوەبردنی دەروازەی ڕەفەح شکستیان هێنا تا بە ناچار ڕەزامەندییان لە سەر ئەوەی دەربڕی گەڕانەوەی حەماس بۆ بەڕێوەبردنی قبووڵ بکەن. ئەوان بە هێنانی بەکرێگیراوەکانی خۆیان بە ناوی پاسەوانانی هاوکارییە مرۆییەکان هەوڵیان دەدا لە غەززە ئاژاوەگێڕی بکەن بەڵام لەم پیلانەشدا شکستیان هێنا. ئەوان لە هەر پلان و بەرنامەیەکدا دەبێت حەماس لەبەرچاو بگرن و ئەم بزوتنەوەیە لە کۆتاییدا داهاتووی غەززە دیاری دەکات.
حەماس پێشوازی لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین دەکات، بەڵام دەسەڵاتێکی سەربەخۆ
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس وتی: ئەوەی کە دوژمن لە ڕێگای سەربازییەوە دەتوانێت قسەی کۆتایی بکات، هەڵەیە و ئەم بیرۆکەیە شکستی هێناوە. لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین بۆ کەرتی غەززە دەبێت بڵێم کە ئامانجی کۆتایی ئێمە یەکڕیزی گەلی فەڵەستین و هەبوونی یەک هەڵوێستی نیشتمانییە بەڵام نە بە بڕیاری ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی یان هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکوو بە بڕیاری گەلی فەڵەستین و ئەوەی کە خەڵکن سەرکردەکانی داهاتووی خۆیان هەڵدەبژێرن و سەبارەت بە داهاتووش بڕیار دەدەن.
مەرجەکانی حەماس
موسا ئەبومەرزوق وتی: لە ڕاستیدا ئەمریکایە کە شەڕی دژ بە حەماس دەکات، پلانی شەڕەکە دادەڕێژێت، بە هەزاران بۆمبی بۆ کوشتاری خەڵکی غەززە ناردووە، فڕۆکە و چەک و تەقەمەنی دەنێرێت، لە ڕووی زانیاری و هەواڵگرییەوە هاوکاری زایۆنیستەکان دەکات و لە ئەنجومەنی ئاسایش و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان پشتیوانی لەو ڕژێمە دەکات، لە بەر ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا وا دەخوازێت ڕژێمی زایۆنیستی بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بێت و لەم شەڕە بە سەرکەوتوویی بچێتە دەرەوە، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەیانەوێت ئەم شەڕە بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس درێژەی هەبێت، دەیانەوێت بۆ ماوەیەکی کەم شەڕەکە ڕابگیرێت تا دیلەکان ئازاد بکەن و دیسانەوە شەڕەکە دەست پێبکەنەوە.
ناوبراو وتی: بەڵام مەرجەکانی حەماس و گەلی فەڵەستین، کۆتایی شەڕ و کشانەوەی هێزەکانی دوژمنە لە غەززە و پاش ئەوە دیلەکان ئازاد دەکەین، بەڵام ئامانجی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، بەردەوامی شەڕ و کۆمەڵکوژی زیاترە لە غەززە و فەڵەستین بە گشتی.
وەک ئێران پشتیوانی لە فەڵەستین بکرێت
ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە درێژەی وتووێژەکەیدا ڕایگەیاند کە تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا ڕاوەستاوە و بە هەموو شێوازێکیش پشتیوانی لە خۆڕاگری فەڵەستین دەکات. ئەمریکییەکان دەتوانن شەڕەکە ڕابگرن، میسریش هەروەها و هەموو ئەو وڵاتانەی کاریگەرییان لە سەر زایۆنیستەکان هەیە بەڵام هیچ کردەوەیەک نابینرێت و بە پاڕانەوە ئەم شەڕە ڕاناگیرێت.
ئەردەن کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بێنێت
ئەبومەرزوق وتی: پێویستە ئەردەن کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بێنێت، تەنیا لەم بارودۆخەدا دەتوانن گۆڕانکاری ببینین. میسریش دەبێت باڵیۆزی ڕژێمی زایۆنیستی دەربکات و کۆتایی بە ڕێکەوتنەکانی کەمپ دەیڤید بێنێت. هیچ کەسێک گرنگی بە پاڕانەوە نادات، نتانیاهۆ دەیەوێت ئەم شەڕە بەردەوام بێت و لە ڕاستیدا بەرژەوەندییەکانی وا دەخوازێت.
هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران دۆخی شەڕەکەی بەرەو گۆڕانکاری بردووە
ناوبراو ستایشی پشتیوانی بەرەکانی دیکەی خۆڕاگریی لە یەمەن و عێراق کرد و وتی: یەکڕیزی گرووپەکانی خۆڕاگری ئەنجامی ئەرێنی و بەرچاوی هەبووە. هەروەها هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران کە لە وەڵامی کردەوە تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە دیمەشقدا بووە، کاریگەری بەرچاوی هەبوو. لەو ڕۆژانەدا کە ئێران هەڕەشەی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکرد و پلانی هێرشەکەی جێبەجێ کرد، هیچ فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئەو ڕژێمە لە ئاسمانی غەززەدا نەبوو و هەزاران کەس لە باشورەوە گەڕانەوە باکوری غەززە و سەرجەم هاوکارییەکانیش گەیشتە باکوری غەززە و ژمارەی تاوانەکانی زایۆنیستەکانیش لەو ڕۆژانەدا زۆر کەم بوویەوە.
دوژمن لە گەیشتن بە ئامانجەکانی شکستی هێناوە
موسا ئەبومەرزوق وتی: بە تێپەڕبوونی نزیکەی 7 مانگ بە سەر شەڕی غەززەدا، خۆڕاگری هێشتا بەهێزە و دەتوانێت درێژە بە شەڕ بدات و جیهانیان لە ڕێگای میدیاکانەوە دەبینن کە لایەنەکانی خۆڕاگری چۆن شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن و شکستی ئەو ڕژێمە لە گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانی بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە، ئەمەش بەڵگەیە لە سەر هێز و مانەوە و بەردەوامی خۆڕاگری، بەڵام ئەوەی کە ئێمەی تووشی ئێش و ئازار کردووە، تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە دژی ژنان و منداڵان و خەڵکی سڤیل بە گشتی.
ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا شکستی زایۆنیستەکانی سەلماند
ئەبومەرزوق وتی: زۆرێک لە وڵاتان وایاندەزانی کە خۆڕاگری لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستدا ناکرێت و لە گەڵ ئەو ڕژێمەوە کەوتنە هاوکاری. بەڵام ئۆپەراسیۆنەکەی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەوەی سەلماند کە سەرکەوتن بە سەر ئەو ڕژێمەدا دەکرێت و دەبێت وڵاتانی ئیسلامی و ئەوانەی سازشتیان لە گەڵ زایۆنیستەکاندا کردووە، پێداچوونەوە بە سەر پەیوەندییەکانیاندا بکەن. ئەو ڕژێمە لە ماڵی جاڵجاڵۆکە لاوازترە و تەنیا چەند سەد کەس لە هێزەکانی حەماس بە سەر لەشکرێکی 17 هەزار کەسیدا زاڵ بوون و لە 7 ی تشرینی یەکەمدا ئەوانیان تووشی شکست کردەوە./.