بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاشم سەفیەدین سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئەو چەکەی لە دەستی ئێمەدایە بۆ نمایشکردن نییە بەڵکوو بۆ بەرەکانی شەڕ و بەرگری لە خاک و گەلی خۆمان و هاوکاریکردنی زوڵملێکراوانی فەڵەستینە.
ناوبراو بە ئاماژە بە زوڵم و ستەمی زایۆنیستەکان بە هاوکاری و هاوبەشی ئەمریکا لە دژی فەڵەستینییەکان، وتی: فەڵەستینییەکان و بە تایبەت دانیشتووانی غەززە لە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوو ڕوبەڕوی زوڵمێک بوونەتەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە، ئێمە لە هەمان سەرەتای شەڕی غەززەوە هاوکاری گەلی فەڵەستینمان دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی کردووە و ژمارەیەک شەهیدمان پێشکەش کردووە، ئەمە بابەتێکی مرۆیی، ئائینی و ئەخلاقییە و ئەوانەی لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی دەوەستنەوە و گیان بەخت دەکەن، شەهیدی ڕێگای خودان.
ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵای لوبنان وتی: لە ئێستادا زاڵمەکان حوکمی جیهان دەکەن و بە سەر دۆخەکەدا زاڵن و خەراپە و ناپاکی پەرە پێدەدەن.
هاشم سەفیەدین وتی: حزبوڵڵا بە توندی ئیدانەی بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و فەڵەستین بە گشتی دەکات.
ناوبراو وتی: ڕۆژانە سەدان کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن شەهید دەبن و ویژدانی جیهانی لە خەون و بێدەنگیدایە، درووشمەکانی مافی مرۆڤ لە هەر شوێنێک دەبیسترێن بەڵام لە بەرامبەر ئەم هەموو زوڵمەی لە فەڵەستین دەکرێت بێدەنگن، جیاوازییەک لە نێوان زایۆنیستەکان و ئەمریکییەکاندا نییە و هەر دوو لا هاوبەشی ئەو زوڵم و تاوانانەن کە لە بەرامبەر دانیشتووانی غەززە دەکرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵای لوبنان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئێران لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی بە ناوی بەڵێنی ڕاستگۆ، وتی: ئێران وڵاتێکی بەهێزە و بە هەموو جۆرێک پشتیوانیی لە خۆڕاگری و فەڵەستین کردووە.
سەفیەدین لە کۆتاییدا وتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی خۆڕاگری لە فەڵەستین و لوبنان و ناوچەکە بە گشتی و لێدانی زایۆنیستەکانیش درێژەی دەبێت، ئەوەی کە بیر لە شکست و لەناوچوونی خۆڕاگری لوبنان دەکاتەوە لە خەون و خەیاڵدا دەژی، ئێمە تا ئێستا کەڵکمان لە توانا سەربازییەکانی خۆمان بە گشتی وەرنەگرتووە و ئامادەی ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی و شەڕێکی تەواوین./.