موحسین محەممەد ئەندامی سەرکردایەتی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەم دواییەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر بینای کۆنسووڵیی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری دیمەشق، وتی: هێرشی سەر هەر باڵیۆزخانەیەک لێدانە لە سەروەری دوو وڵات، لێدانە لەو وڵاتەی کە باڵیۆزخانەکەی تێدایە و هەروەها لێدانە لەو وڵاتەی کە خاوەن باڵیۆزخانەکەیە، هەر بۆیە هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بە دەستدرێژییەکی نایاسایی نێودەوڵەتی دادەنرێت.
ناوبراو وتی: پێویستە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەم تاوانە ئیدانە بکرێت و وڵاتانی جیهان کاردانەوەیان هەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشە بۆ سەر باڵیۆزخانەی وڵاتانی دیکەش لە ئارادایە.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان وتی: وڵاتانی زلهێزی جیهان دەیانەوێت بەردەوام بە سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بن، هەر بۆیە پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن و بە ئاشکراش مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت و ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی لێی بێدەنگن، وەک ئەو هەموو تاوان و کوشتارەی لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو لە کەرتی غەززە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە کراوە.
موحسین محەممەد وتی: ڕژێمی زایۆنیستی سەرەڕای ئەو هەموو پشتیوانییەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی نەگەیشتووەتە و موسڵمانان بە تێکۆشانی خۆیان ڕوبەڕوی هەموو ئەو تاوانانە بوونەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی وتی: هاتنی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ناوچە ئیسلامییەکان هیچ کات خەڵات و دیاری نەبووە و هەموو کات کێشە و نەهامەتیی بە دواوە بووە.
ڕاشیگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی غەززەدا براوە نەبووە و بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی ئێرانیش تەنیا بە ئامانجی پەرەپێدانی ئەم شەڕەیە لە ناوچەکە و بێگومان کاردانەوەی ئەم وڵاتەشی بە دواوە دەبێت و ڕژێمی زایۆنیستی بە ئاسانی لەم گێژاوەدا ڕزگار نابێت.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران تاکە وڵاتە کە لە هەر شوێنێک موسڵمانان پێویستیان بە هاوکاری و یارمەتی بێت، ئامادە بووە و هیوامان بەوە هەبوو کە وڵاتانی عەرەبیش هەمان هەڵوێستی ئێرانیان هەبوایە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد