بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەمڕۆ چوارشەممە 10 ی نیسان ی 2024 لە وتاری جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان لە شاری تاران، وێڕای پیرۆزبایی ئەم بۆنە گرنگە لە سەرجەم موسڵمانانی ئێران و جیهان، بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی غەززە و بەردەوامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، وتیان: ڕژێمی ناپاکی زایۆنیستی لە بەر ئەوەی کە توانای ڕوبەڕوبونەوەی خۆڕاگریی نییە منداڵ لە ئامێزی دایک و لە نەخۆشخانەکاندا دەکوژێت و زیاتر لە سی و دوو هەزار مرۆڤی بێ تاوانی لە کەرتی غەززە و بە بەرچاوی خەڵکی جیهانەوە کۆمەڵکوژ کردووە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە توندی ئیدانەی پشتیوانییە سەربازی، سیاسی و ئابورییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و بەریتانیایان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی کرد و وتیان: ئەو وڵاتانە لە ڕوودای غەززەدا سرووشتی خەراپی شارستانیەتی ڕۆژئاوایان بە جیهان پیشاندا، بێگومان ئێمە و ڕەخنەگرانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا پێشتر وتوومانە کە سرووشتی ئەم شارستانیەتە دوژمنایەتی و سەرسەختییە لە گەڵ بەها ڕۆحی و مرۆییەکان و ئەدای وڵاتانی پشتیوانی ڕژێمی تەزویری زایۆنیستی لە شەش مانگی ڕووداوەکانی ئەم ناوچەیە، ڕاستییەکانی بۆ هەمووان ئاشکرا کردووە.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە، وتیان: مەگەر ئەو سی و چەند هەزار شەهیدە بێ تاوان و بێ پشتیوانەی غەززە مرۆڤ نین، ئەی بۆ دەنگێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە نابیسترێت؟
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی هەروەها بە ئاماژە بە هێرشە تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری دیمەشق، وتیان: لە نەریتی جیهانیدا هێرشی سەر کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەی هەر وڵاتێک بە واتای هێرشی سەر خاکی ئەو وڵاتەیە و ڕژێمی تەواو ناپاکی زایۆنیستی بۆ ئەم تاوانە دەبێت سزا بدرێت و سزاش دردرێت./.