بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە بەرزڕاگرتنی یادی شەهید محەممەد ڕەزا زاهیدی و هاوڕێکانی، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی ئەوەی کە لە شەڕی سوریادا شکستی هێناوە، هێرشی کردووەتە سەر ڕاوێژکارانی سەربازیی ئێران و ئەمەش بە گەورەترین دەسدرێژیی ئەو ڕژێمە هەژمار دەکرێت.
ناوبراو وتی: هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستی دوو ئامانجی هەبووە. یەکەم ئەوەیە کە دەسدرێژییە بۆ سەر ناوەندێکی فەرمی ئێران کە بە واتای هێرشی سەر خاکی ئەم وڵاتە هەژمار دەکرێت. دووەم ئەوەی کە ئاستی تیرۆرەکە گەورەیە، لە بەر ئەوەی کە شەهید زاهیدی بەرپرسی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئێران لە لوبنان و سوریا بووە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: ئەمریکییەکان و زایۆنیستەکان دەزانن و دڵنیان لەوەی کە ئێران وەڵامی کردەوە تیرۆریستییەکەی دیمەشق دەداتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە شەڕی ئێستای دوژمنی زایۆنیستی وتی: ئەم شەڕە تەنیا بۆ ئازادکردنی پیرۆزییەکان نییە بەڵکوو بۆ ڕزگارکردنی جیهانی ئیسلامە لە پیلانەکانی ڕژێمی داگیرکار و تاڵانکردن و داگیرکردنی خاکی وڵاتانی ئیسلامی لە لایەن ئەو ڕژێمەوە./.